بۆ یەکەمجار خۆپیشاندان دەچێتە بەردەم ماڵی تاڵەبانی لە سلێمانی

بۆ یەکەمجارە ئەمڕۆ شۆفێرە خۆپیشاندەرەکانی مەرزی باشماخ بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەبەردەم ماڵی تالەبانی لە گردی دەباشان گردبوونەوە.

بەدرێژای مێژووی ماڵی تاڵەبانی لە گردی دەباشان ئەمە یەکمجارە، خۆپیشاندەران ئەو ماڵە بەناوەندی دەسەلآت دەزانن تا داواکارییەکانیانی رووبەرووبکەنەوە.

شۆفێرە خۆپیشاندەرەکان ئەمڕۆ ١٦ ی تشرینی یەکەم بەمەبەستی ئازادکردنی هاوڕێ گیراوەکانیان کە لەمەرزی باشماخ دەستگیرکراون، هەروەها بەمەستی گۆڕینی بەرپرسی مەرزی باشماخ چوونە بەردەم ماڵی تاڵەبانی لە گردی دەباشان.

شۆفێرە خۆپیشاندەرەکان لەو گردبوونەوەی ئەمڕۆیاندا توانیان هاورێکانیان ئازاد بکەن و ماڵی تاڵەبانی بەدەم داواکەیانەوە چوو، بەلآم داوای دووەمیان کە گۆڕینی بەرپرسی مەرزی باشماخە کە ناوی ئەزوەر مەحمود جارێکدا لە شوێنی خۆی ماوە.

مەرزی باشماخ کە دوو رۆژە بەهۆی خۆپشاندنی شۆفێرەکانەوە راگیراوە بەە چالاکترین مەرزی هەرێم لەگەڵ ئێران دادەنرێت و رۆژانە نزیکەی ٦٥٠ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر هاتوچۆ لەنێوان هەردوو ولآتدا بۆ کاری بازرگانی دەکات. 



PM:07:49:16/10/2018