لە 19ی ئەم مانگەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ، پێدانی ئاو بە هاووڵایانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەوەستێت و بەڕێوەبەری ئاوی ڕاپەڕینیش داوادەكات هاووڵاتیان ڕۆژانی چوارشەمە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ئاوی پێویست عەمبار بكەن.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ڕاپەڕین بە ماڵپەڕی "دواڕۆژ"ی راگەیاندووە "بەهۆی چاككردنی تۆڕەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی 19ی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی 48 بۆ 72 كاتژمێر هێڵی كارەبای نیشتمانیی دەپچڕێت یاخود زۆر كەمدەبێتەوە، هەربۆیە لەو ماوەیەدا دابەشكردنی ئاو بە هاووڵاتیانی دەڤەری ڕاپەڕین دەوەستێت".
وتیشی "ئاگاداری سەرجەم فەرمانگە و میراوەكانی ئاو كراوەتەوە كە ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە ئاو بدرێت بە سەرجەم گەڕەكانی قەزا و ناحیەكان لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین".
باسی لەوەشكرد: دواكارین لە هاووڵاتیان لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا ئاوی پێویست لە ماڵەكانیان عەمبار بكەن و ئاو بەفیڕۆ نەدەن.