کەشناسی: دوو شەپۆلی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بەھێزی نزمەپاڵەپەستۆی دەریایی سپیی ناوەڕاست لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دوو شەپۆلی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند لەڕۆژی شەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەھێزی نزمەپاڵەپەستۆی دەریایی سپیی ناوەڕاست و ھاوکات لەگەڵ کاریگەری لاواز بۆ مامناوەندی نزمە پاڵەپەستۆی نیمچە دوورگەی عەرەبی بۆ سەر ناوچەکانی عێراق شەپۆلێکی باران بارین و ھەورە بروسکە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم دەگرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا خێرایی باش زیاد دەکات.

کەشناسی پێشبینیشی کردووە لە ڕۆژی یەکشەممە کاریگەری شەپۆلەکە بەچڕی دەردەکەوێت، سەرەتا شەپۆلەکە دەگاتە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچەکانی رۆژئاوای ھەرێم پاشان کاریگەریەکانی دەگاتە ناوچەکانی باشور و رۆژھەڵاتی ھەرێم و ناوچە سنوریەکان و ئیدارەی راپەرین پاشان بە نیمچە بەھێزی لەگەڵ کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری دەگرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە کاریگەری ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت لە ئێوارەی رۆژی دووشەمەوە دواتر کەش ئاسایی دەبێتەوە تا رۆژی چوارشەممە.

ڕاشیگەیاندووە لە ڕۆژی چوارشەممە شەپۆلی بەھێزی باران بارین جارێکی دیکە روودەکاتەوە ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەم شەپۆلەیان جیاواز دەبێت و تاکاتی نزیک بوونەوەی چاوەڕوانی دواین گۆڕانکاریەکان دەبین و زانیاری زیاتری لەسەر بڵاودەکەینەوە".



AM:11:22:18/10/2018