عادل عەبدولمەهدی هۆشداری دەداتە وەزارەت و فەرمانگەکان

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق هۆشداری دایە هەندێک لە وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت لە ئیمزاکردنی گرێبەستە بەپەلەکان و دامەزراندن دوور لە ڕێگا یاسایی و ئوسوڵییەکان.

عادل عەبدولمەهدی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەبینرێت لەم ماوە کەمەی ڕابردوودا هەندێک لە وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت گرێبەستی بەپەلە و کاری دامەزراندن و ئاڵوگۆڕی کار و پەیکەری ئیدارییان ئەنجامداوە دوور لە ڕێوشوێنە یاساییەکان.

عەبدولمەهدی داوای لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی حکومەت کردووە، ڕێگری بکەن لە هەر ڕێوشوێنێکی نایاسایی و نادەستوری، کە ناچێتە ناو چوارچێوەی ڕێکخستنی کاری ڕۆژانەوە.

داواشی لە وەزیر و ئەو لێپرسراوانەی دیکە کردووە کە پەیوەست نین بە وەزارەتەکانەوە، ڕێگری بکەن لەو هەنگاوانە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داواشی لە پەرلەمانی عێراق کردووە چاودێریی ئەو دۆخە بکات و ڕایبگەیەنێت کە حکومەتی داهاتوو هەموو ئەو فەرمانانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دەستوردا ئەنجام دراون و ئەو کەسانەش کە فەرمانەکانیان دەرکردووە خۆیا ڕووبەڕووی سزا دەکەنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کابینەی حکومەتەکەی پێشکەش بە پەرلەمان دەکات و لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ ئەنجام دەدات



PM:04:10:18/10/2018