قایمقامیەتی هەولێر شەش کافتریا و چێشتخانە داخست

قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هه‌ولێر، لە راگەیاندراوێکدا، ئاماژە بەوە دەدات، کە 22 شوێنکار پشکنین و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و شەش کافتریا و چێشتخانە داخران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18\10\2018،  قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هه‌ولێر، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لێژنەی پشکنین وچاودێری بازاڕ بەسەرپەرشتیی سەرۆکی لیژنە و قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، دوێنێ 17\10\2018، پشکنینیان بۆ 22 شوێن لە شاری هەولێر ئەنجام دا، کە پێکهاتوون له کافتریا، خواردنگە و چێشتخانە، بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان شەش کافتریا و چێشتخانە داخران.

قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هه‌ولێر، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە مەبەست لەپشکنین و بەدواداچوونەکانی قایمقامیەتی هەولێر لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییانە، هەرشوێنێک پابەند نەبێ بە ڕێنماییەکان، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکانیان دەکرێت.

لە راگەیاندراوەکەی قایمقامیەت، جەختیش لەوە کراوەتەوە، کە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سکاڵایانە دەکرێن، کە ڕۆژانە ئاراستەی لێژنەکانی قایمقامیەت دەکرێن.



PM:05:20:18/10/2018