ئەمرۆ هەینی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ دەستەی دەسپاکی کەرکوک، دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەرمانبەری خاڵی گومرگیی کەرکوک ـ هەولێری ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، لێکۆڵەرەوانی دەستەی دەسپاکی ئەوەیان ئاشکراکردووە ژمارەیەک بارهەڵگر بە شێوەیەکی نایاسایی بە خاڵی گومرگی کەرکوک ـ هەولێردا تپەڕبوون، بەو هۆیەوە ژمارەیەک فەرمانبەرانیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا یەکەم دۆسیەی گەندەڵی لە خاڵی گومرگی کەرکوک ـ سلێمانی ئاشکراکرا و بەهۆیەوە سێ فەرمانبەر دەستگیرکران.
رۆژى ٢٢ى مانگى ڕابردوو، بەغدا دوو خاڵى گومرگیى لەسەر ڕێگاى کەرکوک - هەولێر و کەرکوک - سلێمانی کردەوە، بۆ وەرگرتنى گومرگ لەو بارهەڵگرانەى لە هەرێمەوە کاڵا دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق کە رێژەکەى لە نێوان لە سەدا پێنج بۆ لە سەدا ١٠ دایە، بەوهۆیەشەوە نرخى زۆربەى کاڵاکان لە بازاڕەکانى کەرکوک ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووە.