به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگەیاند" زیاتر له 80 شوێنی مامه‌ڵه‌كردن به ده‌رمانه‌وه له هه‌ولێر داخراون، 35 كه‌سیش ده‌ستگیركراون".
عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر سازیکرد، رایگه‌یاند "له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و به سه‌رۆكایه‌تی قایمقامیه‌تی هه‌ولێر بڕیاره‌كان بۆ چاكسازی له ده‌رمان جێبه‌جێ كراوه، له ئێستاشدا 82 شوێن داخراون و 35 كه‌سیش ده‌ستگیركراون".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر وتیشی "هه‌موو جێگا و كۆگاكانی ده‌رمان له ژێر چاودێریدان و لیژنه‌كانی تایبه‌ت به ده‌رمان به‌رده‌وام ده‌بن له چاودێری کردنیان".
عەبدولخالق تەلعەت ئاشکراشی کرد سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مامه‌ڵه به‌و ده‌رمانانه ده‌كه‌ن و ده‌بنه هۆكاری بێ هۆشی، قورس‌تر بووه و وتی "ئێستا به‌پێی مادده‌ی 14 ی مادده هۆشبه‌ره‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، له كاتێكدا پێشتر به مادده‌ی 51 ی سزادانی ده‌رمان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا".
ئەو جموجوڵەی پۆلیس دوای بڕیاری حکومەتی هەرێم دێت کە ژمارەیەک رێوشوێنی توندی گرتۆتە بەر بۆ بەرگرتن لە دەرمانی ساختە.