وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگەیاند، کاتژمێر ١٢ى ئەمشەو شەممە وادەى تۆمارکردنى سکاڵا بۆ فێرخوازانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی کۆتایى دێت و چیتر وادەکە درێژ ناکرێتەوە

بەشی ڕاگه‌یاندن لە وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە تیایدا ئاماژەی بەوە کردوە، ماوه‌ی تۆماركردن و پێشكه‌شكردنی سكاڵا له‌ کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو (٢٠ی تشرینی یەکەم) کۆتایى دێت.

هەروەها داواش لە فێرخوازانی دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی دەکات پەلەبکەن لە تۆمارکردنى سکاڵاکانیان چونکە ماوەکە چیتر درێژ ناکرێتەوە.

خوێندنی باڵا ئەوەشی خستووەتەڕوو، تاکو ئێستا نزیکەى ٤٥٠٠ فێرخوازی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی کە کێشەى وەرگرتنیان هەیە سکاڵایان تۆمارکردووە.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، داواشی لە سەرجەم دەرچووان کرد ئەوانەى کێشەى وەرگرتنیان هەیە پەلەبکەن لە پڕکردنەوەى سکاڵاكانيان، ئەویش بە بەکارهێنانى بە هەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیم لەڕێگەى وێبسایتى (regayzanko.com) بچنە ناو سیستمى وەرگرتن و فۆڕمى سکاڵاکانیان تۆماربکەن.

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم ئەنجامی وەرگرتنی فێرخوازانی لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیاند، بەڵام ناوی بەشێک لە فێرخوازانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی تێدانەبوو کە زۆربەیان نمرەکانیان بەرزبوو، ئەمەش نارەزایەتی زۆری لێکەوتەوە دواتر وەزارەت بڕیاریدا دەرچووان بە شێوازى ئەلیکترۆنى و ئۆنلاین فۆرمى سکاڵا پێشکەش بکەن.


PM:08:47:20/10/2018