رێکخراوەکانی گۆڕان لە دەرەوەی وڵات هێرشێکی توند دەکەنە سەرکردایەتی حیزبەکەیان


بەپێچەوانەی ئەو بەیاننامەیەکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە کۆبوونەوەی شەممەدا بڵاویکردەوە، رێکخراوەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی وڵات بەیانێکی توند لەسەر سەرکردایەتی حیزبەکەیان دەردەکەن و هۆکاری شکست دەخەنە سەر سەرکردایەتیەکەیان و، بەتۆمەتی سازدانی هەڵسوڕاوان لەسەر بیرورای جیاواز ناوزەد دەکەن.

لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە تیایدا هاتووە "  ئێـمە، کۆمەڵێک لەهەڵسوراوانی گۆڕان لەووڵاتانی ئەوروپا، لەڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لەشاری لاهای لەوڵاتی هۆڵەند کۆبوینەوە بۆلێدوان و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان کەلەڕەوشێکی نەگونجاو ،لەگەڵ رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفاو پرەنسیپەکانی بزوتنەوەکەدا گوزەردەکات".

هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە " لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە بزوتنەوەکە ڕوبەڕوی ڕۆچونێکی مەرتسیدار بۆتەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەرو دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە، ئەو کاردانەوەی کە لەبەرئەنجامی دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەماوەی کەمتر لە نیوساڵ جگە لەو هەموو تەزویرو ساختەکاریانەی لەلایان حیزبەکانی دەسەلاتەوە ئەنجامدرا،پێگەی سیاسی و پەرلەمانی گۆڕانی زۆر لاواز کردوە." 
رێکخراوەکانی دەرەوەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن " بزوتنەوەی گۆڕان جاران توانای بیستنی رەخنەی هەبو، مەخابن ئێستا لە سەر ڕەخنە و دەستپێشخەری و پێشنیازی دروست سزای هەڵسوراوان دەدرێت، گۆڕان جاران یەکگرتوو تۆکمە بوو ئێستا بەش بەشە ونیەتی تەکەتولبازی و گروپ گروپێنە خەریکە هزرو رۆحی داگیردەکات".

هەروەها هاتووە " پشکێکی گەورەی ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان دامەزراوەکانی سەرکردایەتی گۆڕان لێی بەرپرسیارن، وێرای ئەم راستیە بێجگە لە داوای لێبوردنێکی درەنگ وەخت ئامادە نین دان بەشکستەکان و بەرپرسیارێتیاندا بنێن."


راگەیاندراوی کۆتایی کۆبونەوەی هەڵسوراوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەئەوروپا

 دەنگدەران و گۆرانخوازان و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی گۆڕان ی بەڕێز، ئێـمە، کۆمەڵێک لەهەڵسوراوانی گۆڕان لەووڵاتانی ئەوروپا، لەڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لەشاری لاهای لەوڵاتی هۆڵەند کۆبوینەوە بۆلێدوان و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان کەلەڕەوشێکی نەگونجاو ،لەگەڵ رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفاو پرەنسیپەکانی بزوتنەوەکەدا گوزەردەکات.
 کۆبونەوەکە لە ئاکامی باسکردنێکی چڕوپڕ،دەستی لەسەر زامەکانی بزوتنەوەکە لە بوارەکانی رێکخراوەیی، سیاسی، پەیوەندییەکان، کارگێری و دارایی و جەماوەری دانا. جەماوەری سەربەرزی گۆڕان، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەیەکەم ساتەوەختی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە مۆمی ئومێدی لەدڵ و ناخی سەدان هەزارکەسدا هەڵگیرساند کەپشتیوانی بزوتنەوەکەیان کرد، زەمینەی بەهێزی ئەوپشتیوانیکردنە متمانەیان بەکارنامەی گۆڕان و کاک نەوشیروان بوو کەلەپێناوی خۆشگوزەرانی و سەروەری یاسا و چەسپاندنی سیستەمی حوکمرانی دادپەروەر خەبات دەکات.

 لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە بزوتنەوەکە ڕوبەڕوی ڕۆچونێکی مەرتسیدار بۆتەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەرو دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە، ئەو کاردانەوەی کە لەبەرئەنجامی دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەماوەی کەمتر لە نیوساڵ جگە لەو هەموو تەزویرو ساختەکاریانەی لەلایان حیزبەکانی دەسەلاتەوە ئەنجامدرا،پێگەی سیاسی و پەرلەمانی گۆڕانی زۆر لاواز کردوە. 
گۆڕان جاران رێی دەیان هەزار هاوڵاتی ڕوناک دەکردەوە، ئێستا خۆی پێویستی بەوەیە ڕێی بۆروناک بکرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان جاران توانای بیستنی رەخنەی هەبو، مەخابن ئێستا لە سەر ڕەخنە و دەستپێشخەری و پێشنیازی دروست سزای هەڵسوراوان دەدرێت، گۆڕان جاران یەکگرتوو تۆکمە بوو ئێستا بەش بەشە ونیەتی تەکەتولبازی و گروپ گروپێنە خەریکە هزرو رۆحی داگیردەکات، گۆڕان تاچەند ساڵێک لەمەوبەر وزەی سیاسی و رۆشنبیری و ئومێدی بە گەنجان دەبەخشی ئێستا وزە و تواناکانیان فەرامۆش دەکات و بەئاراستەی نادروستدا دەیان بزوێنن و لە ئومێد بێبەریان دەکات، ئێستا سەروەری و سەربەخۆیی گۆڕان کەوتۆتە گێژاوی میزاجی جیاجیای ناو بزوتنەوەکە ودەڕوشێ، بۆیەلە بریارداندا تەریک کەوتوە و نازانرێت لەژێر چ کاریگەریەکدا بریاردەدرێت، هەر بۆیەش لەزۆربەی روداوە سیاسیەکاندا پێگەو هەڵوێستی گۆڕان ناڕون و ناجێگیروتەماویە، گۆڕان ئێستالە بازنەکانی گوتارێکی سیاسی چەقبەستوی بێ کاریگەردا دەخولێتەوە بێئەوەی بتوانێت دیدگایەکی ڕونی بۆ ئایندە و ئەڵتەرنەتیڤەکان هەبێت. 
خەڵکی کوردستان و جەماوەری گۆڕان بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕوان بون سەرکردایەتی گۆڕان دوای کاک نەوشیروان بەردەوام بێت لەدرێژەدان و گەشەپێدانی نمونەی حزبایەتی کەتێیدا ئامانجەکە خۆسەپاندن و پاراستنی کورسیەکان نەبێت، بەڵکو خزمەتکردن بێت. کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکان، فشاری حزبەنەیارەکان، سەختی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە و دەستتێوەردانی دەرەکی ،کۆمەڵێک هۆکاری رۆچون و شکستی گۆڕانن،بەڵام چیتر ئەوە ناشاردرێتەوە کە پشکێکی گەورەی ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان دامەزراوەکانی سەرکردایەتی گۆڕان لێی بەرپرسیارن، وێرای ئەم راستیە بێجگە لە داوای لێبوردنێکی درەنگ وەخت ئامادە نین دان بەشکستەکان و بەرپرسیارێتیاندا بنێن. کاک نەوشیروان سەلماندی کەسیاسەت لەم چەرخەدا بەسەرکردایەتیەک ناکرێت ڕاڕا بێت لە بیرکردنەوەو دیدگا و ستراتیژی سیاسیدا، مەخابن دوای خۆی دەرکەوت نەبونی بڕیاری یەکلاکەرە و رۆشن وچەسپاو سەرتاپای ژیانی گۆڕانی لەزۆر بواردا گرتۆتەوە. 
جەماوەری بەئەمەکی گۆڕان.. مەترسی شکستی گۆڕان لەوەدایە چەندین نەوە نائومێد دەکات لە تێکۆشان و کارکردن بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان و دارشتنی بنەماکانی ئایندەیەکی گەش بۆ میللەتەکەمان. لە ئێستادا دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کەخودی پرۆژە سیاسیە گەورەکەی کاک نەوشیروان یش لەسایەی ئەو دۆخەی ناو گۆڕان و بەدەستی هەندێک لەهاورێکانی و نەیارەکانی لەدەرەوەی گۆڕان لەمەترسیدایە. ئێمەی هەڵسوراوانی بەشدار لەکۆبونەوەکە،بێگومان ئەوانەشی نەیان توانیوە بەشداربن هاوراین کە بەشێکی گەورە وکاریگەرین لەخەمخۆرانی پرۆژەی گۆڕان، لەوڕوانگایەوە ڕێککەوتین لەسەر دارشتنی پرۆژەیەکی چاکسازی و گۆرانکاری لە ناوگۆڕاندا کە لەماوەیەکی کورتدا دەیخەینە بەرچاوی دامەزراوەکانی گۆڕان و جەماوەر وگۆرانخوازان و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی گۆڕان. لاهای/ هۆڵندا ٢١ی ئۆکتۆبەری



PM:10:12:22/10/2018