شاسوار عەبدولواحید پەیامێک ئاراستەی هاوڵاتییان دەکات

شاسوار عەبدولواحید پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتییان و هێزە سیاسییەکان کرد و داوای لە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش کرد بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دروستبکەن.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دەبێت هەمووان پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی پلان بۆ چوار ساڵی داهاتوو دابنێن و هەوڵ بدەن چوار ساڵی داهاتوو جیاواز بێت و کۆڵنەدەن.

شاسوار عەبدولواحید لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرباری ساختەرکارییەکان، پارتی و یەکێتی لە سەدا ٣٢ دەنگەکانیان بەدەستهێناوە و ئەگەر ساختەکاری نەبوایە لە سەدا ١٥ بۆ ٢٠ی دەنگەکانیان دەهێنا، وتیشی ئەو لەسەدا ٨٠ یەی کە ماوەتەوە هاوڵاتیانی نارازین و نەچوون بۆ دەنگدان.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لەو هاوڵاتیانە کرد کە نارازین، "رۆڵیان هەبێت و لە هەرشوێنێکبن کاریگەریان هەبێت، و مەرج نییە لەگەڵ نەوەی نوێ و لایەنێکی سیاسی تردابن بەڵام ناکرێت، مووچە نەدرێت هاوڵاتیان بێ دەنگ بن، کارەبا نەبێت بێ دەنگ بن، دوای ١٢ ساڵ لە خوێندن منداڵەکانیان وەرنەگیرین هەر بێ دەنگ بن. لەسەدا ٥١ خاکەکەی لەدەستبدرێت هەر بێ دەنگ بن، بۆیە دەبێت هەموان پێکەوە کاربکەن و کاریگەرییان هەبێت".

هەر لەو پەیامەدا شاسوار عەبدولواحید تکا لە لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دەکات کە بەشداری حکومەت نەکەن و هەموویان پێکەوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز دروست بکەن و فشارێکی راستەقینە لەسەر دەسەڵات دروستبکەن.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وتیشی هیوادارە لایەنەکان لە نێوان بەرەی خێر و بەرەی شەڕدا بەرەی خێر هەڵبژێرن، لە نێوان بەرەی بەرەنگار بوونەوە و بەرەی تەسلیم بوون بە دەسەڵات و بەرەی بەرەنگار بوونەوە هەڵبژێرن.



PM:06:26:23/10/2018