ئاسایشی رانیە روونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی کادیرەکەی پارتی بڵاودەکاتەوە

لەسەر دەستگیرکردنی کادیرێکی پارتی لە دەڤەری رانیە، ئاسایش روونکردنەوە دەدات و ئاشکرای دەکات ئەو کەسە بەبڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندنێکدا ئاشكرای دەكات" ئەو گەنجەی لە شارۆچكەی سەروچاوەی سنوری قەزای رانیە دەستگیركراوە بەبڕیاری دادگای رانیە دەست بەسەركراوە و لەلایەن دادگای رانیەوە بڕیاری دەستگیركردنی هەبووە".

هەروەها ئاسایشی رانیە ئەوەش دەخاتە روو، ئەو هاوڵاتییە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرەو هیچ پەیوەندیەكی بەئاسایشی راپەڕینەوە نییەو داواش لەكەناڵە‌كانی راگەیاندن دەكات، لەبڵاوكردنەوەی هەواڵدا رەچاوی راستگۆی و ئیتیكی كاری میدیایی بكەن و هەواڵی هەڵبەستراو دوور لەڕاستی بڵاونەكەنەوە.

ئەمڕۆ لقی ڕانیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕایانگەیاند كادیرێكیان خۆشناو ئەنوەرەوە له‌لایه‌ن ئاسایشی یه‌كێتییه‌وه‌، ده‌ستگیر كراوه"‌.



PM:09:53:26/10/2018