ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی شاری هەولێر: ئەوەی سەرۆکی کۆمسیۆن دەیکات پێشێلکارییە

ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوسانى شارى هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایانگەیاند، سەرۆكی كۆمسیۆنى هه‌رێم جیاكاری لە نێوان دەزگاكانی راگەیاندن دەكات بە تایبەتیش ئەو دەزگا راگەیاندنانەی سەربەلایەنی دەسەڵاتدارن.

ئەو ژمارە ڕۆژنامەنوسە دەشڵێن،" ئه‌وه‌ى سەرۆكی كۆمسیۆن دەیكات پێشێلكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا هاتووە بۆیە داوا لە سەندیكای رۆژنامەنوسان و رێكخراوە داكۆكیكارەكان لە مافی رۆژنامەنووسان بێدەنگ نەبن.

ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌:

سەرۆكی كۆمسیۆن تكایە ئەو پێشلكارییە یاساییە راگرە

لەماوەی چوار ساڵی رابردوو هەموو دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان هەتا چەند رۆژێك كاریان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەبێت ئەویش لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانە، دوای ئەنجامدانی پرۆسەكەش بە فەرمانی سەرۆكی كۆمسیۆن پێشلكاری یاسایی ئەنجامدراوە بەرامبەر بەدەزگاكانی راگەیاندن لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی كۆمسیۆن جیاكاری لە نێوان دەزگاكانی راگەیاندن دەكات بە تایبەتیش ئەو دەزگا راگەیاندانەی سەربە لایەنی دەسەڵاتدارن .

ئەمەی سەرۆكی كۆمسیۆن دەیكات راستەوخۆ پێشێلكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییەو تەنانەت فەرمانی كردووە كە تیمەكانی راگەیاندن بۆیان نییە لەپرسگەش دابنیشین تاكو زانیارییان دەستكەوێت، بیانووی سەرۆكی كۆمسیۆن ئەوەیە گوایە بە بریاری ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بریارەكە دەرچووە، ئەمەش لەكاتێكدایە نە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و نە وتەبێژی كۆمسیۆنیش ئاگاداری ئەو بریارەی سەرۆكی كۆمسیۆنین.

بۆیە داوا لە سەندیكای رۆژنامەنوسان و رێكخراوە داكۆكیكارەكان لە مافی رۆژنامەنووسان بێدەنگ نەبن.

بەشێک لە رۆژنامەنوسانی شاری هەولێر



PM:06:53:30/10/2018