مەلا بەختیار بەشداری کۆبوونەوەی دەباشان ناکات:
کەڵبەی دەستکەوتی حیزبی، جێگای دەستکەوتی کوردستانی گرتۆتەوە..

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیگەرانە لەسیاسەتی حیزبەکەی و بەشداری کۆبوونەوەی ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان ناکات و، نووسیوویەتی " ریزی یەكگرتویی كوردستان، خراپ پاشەكشەی كرد. ئێستا، لەباتی سازان، ترازان بووه‌تە سیاسەتی باوی كوردستانی، كەڵبەی هەڵپەی دەستكەوتی حزبی، جێگەی هەڵمەتی دەستكەوتی كوردستانیی، لەبەغداد گرتووە".

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی فەیسبووک دەڵێت " مەخابن، باشمان بۆ هەڵكەوت‌ و هەوڵی هاوبەشی باشیش، هه‌بوو، بەڵام ریزی یەكگرتویی كوردستان، خراپ پاشەكشەی كرد. ئێستا، لەباتی سازان، ترازان بووه‌تە سیاسەتی باوی كوردستانی، كەڵبەی هەڵپەی دەستكەوتی حزبی، جێگەی هەڵمەتی دەستكەوتی كوردستانیی، لەبەغداد گرتووە. وەزارەتی كەم بەر كورد دەكەوون. ناوچە كێشە لەسەرەكان دۆخیان تەمومژاوییە. كەركوك بە (6) پەرلەمانتاری كوردەوە، بەپشتیوانی سیاسەتی تایفەگەری، خرایەوە گرەوی شۆڤێنیەتەوە".
 
هەروەها ناوبراو نووسیوویەتی "‌ ئەگەر هەرێمی كوردستان، لەم ماوەیەدا، لەناو خۆیدا كێشەی لایەنە سیاسیەكان چارەسەر نەكات‌و جارێكی تر، بەیەكگرتویی، بەپێی پرۆژە پێشكەشكراوەكە، نەكەوێتەوە دانوستاندن بۆ رێكەوتنێكی دەستەبەر، لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان‌ و كابینەی نوێ دا، بێگومان، بەم ترازانەی لایەنە سیاسیەكان، هەرگیز، هەرێم، ناتوانێ‌ كێشەكانی مادەی (140)، گفتوگۆی نەوت‌ و گاز، بودجە و موچە و تەیاركردنی پێشمەرگە، لەهەلومەرجی ئیداری‌ و سیاسی‌ و یاسایی، كابینەكەی عه‌بدولمه‌هدیدا، چارەسەرێكی شیاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
دەربارەی کابینەی نوێی عێراق، مەلا بەختیار پێیوایە "له‌ سوێندخواردنی كابینه‌كه‌ی نوێی حكوومه‌ت، ده‌ركه‌وت، كه‌ 
كێشەی بنچینەیی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ئەوەیە، كە كاندیدی رێك نەكەوتنی لایەنە شیعەكانە".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، كه‌ عه‌بدولمه‌هدی، كه‌سایه‌تییه‌كی شیاوه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ئەركێكی زۆر قورسی كەوتۆتە ئەستۆ. لەپێشەوەیاندا، كێشەو بێشەی لایەنەكانی شیعە. پاشان، پاشماوەی سەرجەم كێشە چارەسەرنەكراوەكانی سەردەمی كابینەكانی پێشوو. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ململانێی نێوان عێراق‌ و دەوڵەتانی سونیگەرای ناوچەكە، لەسەرووی هەمووشیانەوە، كێشەی هەرە گەورەی ئەمریكا و ئێران، فشاری هەمەلایەنەی لەسەر كابینەكەهەیەو مەترسیەكان فرە رەهەند دەبن".

مه‌لا به‌ختیار، ده‌شڵێت: "سەبارەت بە كوردستان، كێشەكە رەهەندی دیكەی هەیە،سەرەڕای ئەوەی عادل عه‌بدولمه‌هدی نیو سەدەیە، ئەزمونی لەگەڵ كێشەی كورددا هەیە، به‌ڵام لەو ساڵانەدا، بچووكترین پەشمی لەناو كوردستان‌ و لەعێراق‌ و ناوچەكە، بۆ مافی كورد، نەهێناوەتە سەر خۆی. لەناو كاندیدەكانیشدا، پێموایە، بۆ كوردیش، باشترین كەسیانە. واتا سەرۆكێكی باشە".

ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ نموونه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی، كه‌ لە بودجەی گەڵاڵەكراوی حكوومەتدا پشكی كوردستان (12%) دانراوە. هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "ئەگەر ئەم پشكە، وەكو خۆی لەپەرلەماندا تێبپەڕێنن، ئیدی ئاشكرا دەبێ‌، هەر داخوازیەكی هەرێم، بچێتە ناو ئەم پەرلەمانە، سەرەنجامەكەی چی بەسەردێنن. بەتایبەتی جێبەجێكردنی مادەی 140و پرسی نەوت‌ و گاز".



PM:08:18:30/10/2018