هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری کە پێشتر لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرکردایەتی دەکرا، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بەردەوام دەبن و حیزبەکەیان بەبێ بەرهەم ساڵح یش هەڵناوەشێننەوە.
لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، هاوپەیمانی دەڵێن" چەند ڕۆژێكە لە میدیاكانەوە بە مەبەست و ئامانجی شەخسی و سیاسی باس لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەكرێت، لە كاتێكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پڕۆژەیەكی سیاسی مەدەنییە و خاوەندارییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هاودیدانی هاوپەیمانی و موڵكی هیچ كەسێك یان كەسایەتی و گروپێك نیە تا بتوانن تاكلایەنە بڕیار لە چارەنوسی بدەن".
هاوپەیامانی باس لەوە دەکەن" ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵوەشانەوەی دەكەن ڕای شەخسین نەك هاوپەیمانی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی كە لە مادەی (بیست وپێنج) دا بەڕوونی لە خاڵی یەكەمدا ئاماژەی پێ كردووە و دەڵێ ( هاوپەیمانی دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی كۆنگرەی گشتی) بۆیە هەر دەنگۆیەك لەو بارەیەوە ڕاو بۆچونی شەخسیە و ئەو هاودیدانەی بڕیاری بەردەوامیان داوە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنوسی هاوپەیمانیەكەیان بدەن نەك هیچ كەسێكیتر."
بەر لە دوو مانگ لەمەوبەر بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادوەری گەڕایەوە ریزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبەی جێهێشت، لەو دەمەوە یەکێتی کۆنەکانی نێو ئەو حیزبە دەیانەوەێت بگەڕێنەوە نێو یەکێتی، بەڵای ئەوانی تر بەتایبەتی ئیسلامییەکانی ناو هاوپەیمانی دژی هەڵوەشانەوەی حیزبەکەیانن.