ساڵح موسلیم ئامانجی هێرشەکانی تورکیا ئاشکرادەکات

ساڵح موسلیم ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری سوریا، بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و شکاندنی ئیرادەی گەلەکەیەتی.

ساڵح موسلیم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ڕایگەیاند، ڕژێمی سوریا دەتوانێت سکاڵا بکات لە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا، بەڵام ڕژێم ئیرادەی خۆی ڕادەستی ڕووسیا کردووە و بێدەنگی هەڵبژاردووە لەئاست هێرشەکانی تورکیا لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ڕووسیا.

داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد بێدەنگ نەبن لەئاست هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا و ڕاشیگەیاند، پێویستە سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە لەکاتێکدایە گەلانی جیهان هەماهەنگی هاوسۆزی خۆیان بۆ کۆبانێ دەربڕی لە ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمدا، سوپای تورکیا ئەو ڕۆژەی کردە ئامانج و هێرشی کردە سەری.

وتیشی "بەرخۆدانی کۆبانێ بە وشەی زێڕین نوسراونەتەوە لە مێژوودا، کۆبانێ بووە نموونەی بەرگری و تێکۆشان لە دژی چەکدارانی داعش، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ڕۆژی هاوکاری جیهانی بۆ کۆبانێ هەڵبژارد بۆئەوەی هێرش بکاتە سەر شارەکە، هێرشەکە لە دژی ئەو دەستکەوتانەیە کە کۆبانێ بەدەستیهێناوە."

ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامی هێرشەکان لە باکوری سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندی هەیە بەو کۆبوونەوە چوارلایەنییەی کە لە نێوان تورکیا و فەڕەنسا و ڕووسیا و ئەڵمانیا لە ئەستەنبوڵ سازکرا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆیە ئامانج لە هێرشەکان لەناوبردنی گەلی کورد و شکاندنی ئیرادەی گەلی ڕۆژئاوایە، لە ئێستاشدا هێرشەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو ڕێکخراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ساڵح موسلیم جەختیکردەوە، ئەوان سوورن لەسەر تێکۆشان و پاراستنی دەستکەوتەکان، بۆیە دەبێت پارێزەرانی دیموکراسی بەرپەرچی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بدەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەو هێرشانەی تورکیا دەیانکاتە سەر سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ڕایانگەیاند، بە شێوەیەکی کاتی ئۆپراسیۆنەکانی خۆیان لە دژی داعش لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگرتووە.

فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، لە پاش لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، هەڕەشە و هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیادیکردووە و ئەوانیش ناچارن شەڕی دژى داعش ڕاگرن.



PM:05:54:02/11/2018