ماوه‌یه‌كی زۆره قسه له‌سه‌ر بەستنی هاوپه‌یمانی لە نێوان هه‌ده‌په و جه‌هه‌په‌دا ده‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا، كه بڕیاره 30_3_2019 ئه‌نجام بدرێت، بەڵام كه‌مال كلیچدارئۆغلو سه‌رۆكی جه‌هه‌په رایگەیاند كە ئەوان تەنها هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ میلله‌تدا ده‌به‌ستن.
له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی (CNN)ـی توركی، كلیچدارئۆغلو له‌باره‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان وتی "ئێمه كاندیدی خۆمان ده‌بێت بۆ هه‌موو شاره‌كان و به‌ته‌نیا ده‌چینه ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ر پارتێكه‌وه داوای هاوپه‌یمانیمان لێ بكرێت، گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین".
باسی له‌وه‌ش كرد كه جه‌هه‌په هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ردا ده‌به‌ستێت و هه‌وڵی جه‌هه‌په به‌دیهێنانی ده‌نگێكی زۆره له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، بۆیه ده‌نگده‌ر به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگه نه‌ك پارتی A و پارتی B.