کەمال کەرکوکی وەڵامی ئاسۆ ئەڵمانی دەداتەوە

کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەشێوەیەکی گشتی بەردەوامەو  بەتایبەتیش لەسەر کەرکوک ناوبەناو لێپرسراوانی ‌هەردوو حیزب هێرشدەکەنە سەر یەکتری، لەدوا ئەو لێدوانە دژانەدا، کەمال کەرکوکی وەڵامی ئاسۆ ئەڵمانی دەداتەوە.
 
دکتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بە ماڵپەڕی باسنیوز راگەیاندووە”دڵسۆزانی کەرکووک و گشت کوردستان باش دەزانن کێ بوون ئەو کەسانەی کەرکووک و خورماتوویان خستە ئەو بارودۆخەی ئێستا تێیدان. ئەو تاخمەش بە  خیانەتکارانی ١٦ ئوکتۆبەر ناسراون".
 
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی لەبارەی قسەکانی ئاسۆ ئەڵمانی وتبووی پارتی ماوەی ساڵێکە ڕێگە نادات پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنرێت، کەمال کەرکووکی دەپرسێت: ”پارێزگاری کەرکووک دکتۆر نەجمەدین کەریمە کە ھەڵبژێردراوە لە لایەن ئەنجوومەنی پاریزگاکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشە، بۆچی لە شوێنی خۆی نییە؟ ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکەکەی ڕێبوار تاڵەبانی بۆ لە شوێن خۆیان نیین؟ ئایە ئەوان و گشت ئەو دڵسۆزانەی کە داوا دەکەن ڕەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە ناھەقن؟ یان ئەوانەی کەرکووکیان تەسلیم کرد و خیانەتیان کرد ڕاست دەکەن؟".
 
ئاسۆ ئەڵمانی لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی باسی لەوە کردبوو کە پارتی پێی باشترە شۆڤێنییەک پارێزگار بێت نەک کەسێکی یەکێتی، بەڵام دکتۆر کەمال کەرکووکی نایشارێتەوە: ”ئەم قسەیە ھەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک چەواشە بکەن، تەعبیر لە ناخی خۆی دەکات، وەکو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر تێکەڵاوی ئەو خیانەتە گەورەیە بوون دژ بە گەل و بە خاکی کوردستان، ئێستاش دەیانەوێت دەستە ئارداوییەکەیان بە شانی پارتی بسڕنەوە، نەخێر پارتی ھیچ شۆڤینییەک و ھیچ خیانەتکارێک قەبووڵ ناکات، بەتایبەت خیانەتکارانی ١٦ی ئوکتۆبەر کە ژمارەیەکن لە ناو یەکێتی باش ناسراون". دووپاتیشی کردەوە: ”جگە لە دکتۆر نەجمەدین کەریم، ناکرێت پارێزگارێکی دیکەی یەکێتی هەبێت، چ گەرەنتی ھەیە ھاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دووبارە ناکەنەوە؟ ئێمە وەکوو پارتی ھیچ شۆڤێنییەک و ھیچ خیانەتکارێک لەھەر نەتەوەیەک بێت، بە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە قەبوڵ ناکەین".
 
کەمال کەرکوکی ڕوونی کردەوە: ”ئاسۆ مامەند ھەوڵ دەدا ١٦ی ئۆکتۆبەر لە بیر خەڵک بباتەوە، ئێمە وەکو پارتی ڕامان وایە دەبێ دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، چونکە ئێستا کراوەتە سەربازگەیەکی گەورە. دەمانەوێ دۆخەکە چاک بکرێت، ئینجا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بگەڕێتەوە شوێنی سرووشتیی خۆی و بڕیاری خۆی بدات. 



PM:08:05:03/11/2018