ناوەرۆكی یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرادەكرێت

بڕیارە رۆژی سێشەممە، شەشی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەست بەكاربێت و یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرادەكات.

تارق جەوھەر، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە ھەژماری خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، بەپێی ماددەی سێ لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، یەكەم دانیشتن لە ماوەی ١٠ رۆژ لە رۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتاییەكان دەبەستێت، لەكاتی ئاراستەنەكردنی بانگھێشت ئەوا پەرلەمان بەشێوەی ئاسایی كاتژمێر ١٢ نیوەڕۆی رۆژی دوای ئەو ماوەیە كۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی ماددەی ١١ لە بڕگەی یەكەم، بەتەمەنترین ئەندام دوای ئەوەی سوێندی یاسایی دەخوات سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات و داوا لە كاندیدە ھەڵبژێردراوەكان دەكات سوێندی یاسایی بخۆن،" ئەركی تەنیا بریتی دەبێت لە بەرێوەبردنی دانیشتنی یەكەم و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەپێی بڕگەی سێ لە مادەی ١٢ پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان "سوێندخواردن"ی یاسایی سەرۆكی یەكەم دانیشتن و كاندیدە ھەڵبژێرراوەكان، بەم شێوەیە دەبێت:

( بەخودای گەورە سوێند دەخۆم، كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و یەكێتی خاك و گەل و شكۆ و ماف و ئازادییەكانی ھاوڵاتیان و سامانی گشتیی بپارێزم و ئەركی ئەندامێتی بەڕاستیی و دڵسۆزییەوە جێبەجێبكەم).

تارق جەوھەر ئەوەشی وت، ھەر كاندیدێكی ھەڵبژێرراو، بە ناوەڕۆكی ئەو سوێندە یاساییەی، لەم ماددەیە ھاتووە، پابەند نەبوو، دەبێت سوێندەكە، دووبارە بكاتەوە.

ئەو راوێژكارەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەش كردوە، بە پێی مادەی ١٣:

یەكەم: لە رێكەوتی"سوێندخواردن"ی یاساییەوە، كاندیدی ھەڵبژێرراو، دەبێتە ئەندام و بە دەستبەكار ھەژمار دەكرێت و گشت مافێكی ئەندامێتی دەبێت و ھەموو ئەركەكانی ئەندامێتی دەكەوێتە ئەستۆ.

دووەم: ئەگەر كاندیدی ھەڵبژێردراو، بەبێ پاساوی ڕەوا، لە دانیشتنی یەكەمەوە، بۆ ماوەی "٣٠" سی رۆژ "سوێندخواردن"ەكە ئەنجامنەدا، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت.

ئەمرۆ یەك شەممە(٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم بانگھێشتی كاندیدە دەرچووەكانی پەرلەمانی كرد بۆ كۆبوونەوە لە ڕۆژی سێشەممەی داھاتوودا.

ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم،  مەرسومی ھەرێمی ژمارەیەكی دەركرد كە تێدا ھاتووە، بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی پێماندراوە پاش پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیارماندا بە بانگھێشتكردنی كاندیدە دەرچووەكانی  پەرلەمان بۆ یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی سێشەممەی ٦ی مانگ كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ.



PM:02:19:04/11/2018