مایک پۆمپیۆ: ئەو سزایانەی سبەینێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت توندترین سزان

بڕیارە سبەینێ دووشەممە ٥ی نۆڤەمبەر قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریا بۆسەر ئێران دەستپێبکات و ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێ، ئەو سزایانەی سبەینێ بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێندرێت توندترین سزان کە لە مێژووی ئێراندا بەسەریدا سەپێنرابێت.
  
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕایگەیاند، "ئەو سزایانەی سبەینێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت، توندترین سزان کە لە مێژووی ئێراندا بەسەریدا سەپێنرابێت".

وتیشی، "تاکە ئامانج لەو سزایانە ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین کردەی تیرۆرە کە لەلایەن دەوڵەتێکەوە سپۆنسەر دەکرێت تا ئەوەی ڕێگری بکەین لەو کردەوانەی لە ڕابردوودا ئەنجامیانداوە".

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "لە قۆناغی داهاتوودا ژمارەی ئەو ٨ وڵاتەش دەبێت بە سفر بەڵام پێویستیان بە کاتە، ئەمەش بە بێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکات".

بڕیارەسبەینێ دووشەممە، قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٨ وڵات لەو سزایانە ببەخشرێن.


PM:11:18:04/11/2018