ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دەدات

ئەمڕۆ كاتژمێر ١٢ یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەدەچێت و بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرپەرشتی یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان دەكات.

بە پێی مادەی (٣)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و دوای ١٠ ڕۆژ لەپەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ٣٠ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئەمڕۆ پەرلەمان یەكەمین دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات و بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرپەرشتی یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان دەكات.

وابڕیارە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی بخۆن و دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێتەوە و بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان .

خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كار بە پەیڕەوی نوێی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە لە ڕۆژی ١٧ی تەموزی ٢٠١٨دا هەمواركرایەوە و لە ١٢٦ مادە پێكهاتووە، بەپێی پەیڕەوی نوێی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەرۆك و جێگری یەكەم و جێگری دووەم پێكدێت كە دەبێت یەكێكیان ژن بێت، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەوەكەی پێشوو دەستەی سەرۆكایەتی پێكهاتبوو لە سەرۆكی پەرلەمان و جێگر و سكرتێر.



AM:11:12:06/11/2018