ئەمریکا بەخشش بۆ ئاشكراکردنی شوێنی سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە تەرخاندەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە پێدانی بەخشش بەو کەسانەی کە زانیاری لەبارەی شوێنی سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە دەدەن بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، تییادا هاتووە، بڕیپێنج ملیۆن دۆلار بۆ  موراد قەرەیڵان، بڕی چوار ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایک و دوران کاڵکان-یش سێ ملیۆن دۆلار دانراوە، بۆ هەرکەسێک زانیاری هەبێت لەبارەی شوێنەکانیان". 

ماسیۆ پالمەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای سەردانێکی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیا وتی،"لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەخۆشحاڵییەوە یەکەم سەردانم بۆ ئەنقەرە ئەنجامدا". 

ئەوەشی وتووە، لە سەردانەکەمدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومەتی تورکیا و پەرلەمان و بازرگانان لەبارەی چەند نیگەرانی و پرسێکی هاوبەش کۆبوومەوە".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی ووتوە، "وڵاتەکەی هەوڵە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی بەرزدەنرخێنێت و، لە بەشێکی ئەم سەردانەمەدا بەخۆشحاڵییەوە ناوی سێ سەرکردەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رادەگەیێنین بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج".

لە بەیاننامەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشێ خستوەتەڕوو، "لە ساڵی 1997ـەوە ئەمریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووەو، لە ساڵی 2011ـەشدا ئیدارەی ئەمریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی ناساندووە".


PM:07:56:06/11/2018