شیوعی لەبارەی سێ سەرکردەکەی پەکەکەوە داوایەک ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات

حزبی شوعی کوردستان ئیدانەی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لەبارەی سێ سەرکردەکەی پەکەکەوە و داواش دەکات بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بۆ "سپی میدیا" نێردراوە مەکتەبی سیاسی حزبی شوعی کوردستان ئەوەی خستوەتەڕوو "مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان بە هەستیارییەوە دەڕوانێتە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لەرۆژئاوای کوردستان کە چاوپۆشی لە دەستوەردان و تۆپبارانی سوپای تورکیا بۆ ناوچە کوردستانییەکانی رۆژئاوا و پەیدابوونەوەی جموجۆڵی چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش دەکات".

هەروەها دەڵێت "لە بەرامبەر هەڵوێستەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سێ سەرکردەکەی پەکەکەوە، حزبی شیوعی کوردستان هیچ جۆرە پاساوێک نابینێت جگە لەئیدانەکردنی ئەم بڕیارە و شەرمەزارکردنی شێوازی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ رەوشەکە بەگشتی و بەتایبەتیش لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان وسەرکردەکانی".

حزبی شوعی ئاماژەی بەوەشکردووە "خەبات وتێکۆشانی گەلان هیچ کات نابێت هاوکوف بکرێت لەگەڵ رەوتەکانی تیرۆریستی کە لەناوچەکەدا هەیە، چونکە گەلی کوردستان لەهەر چوارپارچەکەیدا، لەپێناو هێنانەدی مافی رەوای خۆی بۆ گەیشتن بەئازادی وسەربەخۆیی تێکۆشان دەکات کە بەهەمووشی بەشێکە لەبزاڤی رزگاریخوازی جیهان هیچ پەیوەندییەکی بەتیرۆر و تۆقاندنەوە نییە".

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەروەها مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، داوا دەکات ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێداچوونەوە بەم بڕیارە نادروستەی خۆی بکات، هاوکاتیش حزبی شیوعی داوای چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کوردستان بەئاشتی و دیموکراسیانە لەچوارچێوەی میساق و جاڕنامە نێودەوڵەتی و رەوایەتی تێکۆشانی لەپێناو ئازادیدا، چارەسەری یەکجارەکی بۆ بدۆزرێتەوە".



PM:04:16:08/11/2018