ئەمڕۆ لە شاری هاولێر، هاوپەیمانی دیموکراسی
و دادپەروەری یەکەم کۆبونەوەی گشتی خۆی ئەنجام دەدات و بە گوێرەی زانیارییەکانیش
هەردوو باڵە جیاوازەکەی هاوپەیمانی سناریۆی تایبەتیان هەیە بۆ ئەم کۆبوونەوە
گشتییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هاوپەیمانی دیموکراسی
و دادپەروەری ڕایگەیاند کە ئەو باڵەی کە لە کۆنە یەکێتییەکان پێکهاتوون و نزیکن لە
بەرهەم ساڵحەوە دەیانەوێت ئەمڕۆ لە کۆنفرانسەکەدا هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی یاخود
گەڕانەوەی خۆیان بۆ یەکێتی ئەنجام بدەن و هەوڵبدەن بە تەواوی کارەکانی هاوپەیمانی
پەکبخەن.
هەرچی ئەو باڵەیە کە لە کۆنە ئیسلامییەکان
پێکهاتووە دەیانەوێت چاوەڕێی دۆخەکە بکەن و گەر بزانن باڵەکەی دیکە بەشداری ناکەن
و یاخود وازهێنانی خۆیان ڕادەگەینن کۆبوونەوە گشتییەکە دەگۆڕن و ناوی لێدەنێن
کۆنگرە و تێیدا بڕیاری گۆڕینی ناوی هاوپەیمانی و ڕێکخستنەوەی حزبەکە ڕادەگەیەنن.
ماڵپەڕی هاوپەیمانی
دیموکراسی و دادپەروەری سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکەیان نوسیویەتی "لە کۆبونەوەکەدا هاودیدان چۆنیەتی خۆڕێکخستنەوە و
هەنگاوەکانی تاوتوێی دەکەن و هاوپەیمانی بڕیاردەدات
لە بارەی چۆنیەتی بەردەوامبوون و سەرجەم پێشنیارەکان تاوتویدەکرێن.