"ئەمریکا شوێنی سەرکردەکانی پەکەکە دەزانێت"

دەوڵەت باخچەڵی سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی تورکیا "مەھەپە" ڕایگەیاند، ئەمریکا شوێنی سەرکردەکانی "پەکەکە" دەزانێت و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بە ئاسانی دەستگیریان بکات.

دەوڵەت باخچەلی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، نیازی ئەمریکا بۆ دانانی خەڵات بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە سیناریۆیە و ئەمریکا شوێنەکانیان دەزانێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یەک شتن و نابێت ئەمریکا پارێزگاری لە یەپەگە بکات.

سەرۆکی مەھەپە ڕاشیگەیاندووە، لەمەودوا بە وردی چاودێری ھەوڵەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی وڵاتەکەی بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار بەخششی بۆ دۆزینەوەی شوێنی سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە داناوە کە بریتین لە موراد قەرەیلان و جەمیل بایک و دوران کاڵکان.



PM:05:44:09/11/2018