حكوومەتی ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ مۆڵەتی كاتی بە عێراق داوە، بۆ ئەوەی گازی سروشتی له ئێران بكڕێت.
باڵوێزخانەی ئه‌مریكا له به‌غدا رایگه‌یاند كە ماوه‌ی 45 رۆژ مۆڵەت به عێراق دراوە بۆ هاورده‌كردنی گازی سروشتی له ئێرانه‌وه، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی واشنتۆنه‌وه سزای به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.
له هەژماری فەرمیی باڵوێزخانه‌ی ئەمریكا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كراوه‌ته‌وه، تیایدا فەرمانبەرانی باڵوێزخانەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئه‌مریكا ماوه‌ی 45 رۆژ دەرفەتی كاتی بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر كردووه، بۆ كڕینی گازی سروشتی له ئێران.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا، زۆربەی فەرمانبەرە ئەمریكیەكان بەزمانی عەرەبی قسە دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە سزاكانی ئه‌مریكا رژێمی ئێران ده‌كاتە ئامانج نه‌ك گه‌له‌كه‌ی.
جێی باسە بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، حكوومەتی عێراق گازی سروشتی له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كات.
ئەم راگەیاندنەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە د.عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق له چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاندبوو وڵاتەكەی له سزاكانی سه‌ر ئێران‌دا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه ڕیزپەڕی بۆ كراوە، چونكه بێلایه‌نه له كێشمه‌كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.
لە 5ی ئەم مانگەوە ئه‌مریكا ناوی 50 بانكی ئێرانی و زیاتر له 700 كۆمپانیا و كه‌سایه‌تیی خسته لیستی سزاكانه‌وه و قۆناغی دووەمی سزاكانی دۆناڵد ترەمپ بەسەر وڵاتەكەدا سەپێندرا.