مەسعود بارزانی لە دەرەوەی ولآتە

بەهۆی سەردانی مەسعود بارزانی یەوە بۆ دەرەوەی ولآت تا ئیستا کاتی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی دیارینەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری پارتی، بە سپی راگەیاند " ماوەی هەفتەیەک زیاترە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەسەردانێکی تایبەت لە ئەوروپاو بەتایبەتی لە ولآتی نەمسایە، هەر بەو هۆیەشەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی دواکەوتووەو چاوەڕوانی گەڕانەوەی بارزانی دەکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆبوونەوەکە".

سەردانەکەی بارزانی بۆ دەرەوەی ولآت بۆ پشکنینی تەندروستییە کە ناوبەناو بارزانی ئەو جۆرە سەردانانە ئەنجام دەدات. ( سەرچاوەکەی سپی ).

وەک سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە ئەو حیزبە ٤٥ کورسی بەدەستهێناوە و پرسی پێکهێنانی حکومەت وەک لایەنی براوەی یەکەم بەو دەسپێردرێت.

هاوکات پرسێکی تر کە رووبەرووی ئەو حیزبە دەبێتەوە، پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدیە کە تا ئیستا هەشت وەزیری یەکلایی نەکراوەتەوەو لەنێو ئەو وەزارەتانەدا پشکی کوردی تێدایە.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی لە هەلومەرجێکدا تێدەپەڕێت کە پەیوەندی پارتی و یەکێتی زۆر خراپەو هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی بۆ چەند رۆژێک دەچێتە هەولێر بە مەبەستی بینینی مەسعود بارزانی، بەلآم ئەو کۆبوونەوەیە رێکنەخراوەو هیچ دیدارێک لەو بوارەدا سازنەکراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، لە نێو پارتی دا دوو رای جیاواز بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت بەدیدەکرێت، رایەکیان وەک پێشوو حکومەتی شارەکەت پێکبهێنرێت و یەکێتی شەریکی سەرەکی بێت لەگەڵ پارتی، رایەکی تریشیان حکومەتی زۆرینە پێکبهێنرێت و یەکێتی چەند کورسی بەدەستهێناوە بەقەوارەی ئەو کورسیانە پارتی بەشداری لە حکومەتدا پێ بکات.




PM:10:25:10/11/2018