ژمارەی ئەو كەسانەی بەھۆی ئاگركەوتنەوەكەی كالیفۆڕنیاوە گیانیان لەدەستدا بۆ ٢٣ كەس بەرزبوەوە و ھەزاران ھێكتار زەویش سوتاوە.
سەرچاوەكانی ھەواڵ بڵاویان كردەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەھۆی ئاگری دارستانەكانی كالیفۆرنیاوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٣ كەس بەرزبووە و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٦ ھەزار ھێكتار زەوی سوتاوە .
وتەبێژی كارگێری و پاراستنی دارستانەكان لە ولایەتی كالیفۆرنیا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ناوچەكە ١٤ تەرمی دیكەیان دۆزیوەتەوە لە باكوری كالیفۆرنیا و بەوەش ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٣ كەس بەرزبووەتەوە.
بەرپرسانی ناوچەكە داوایان لە ھەزاران كەس لە دانیشتوانی باكوری ویلایەتەكە كردووە لەبەر بڵاوبونەوەی ئاگرەكە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و بەرپرسانی ناوچەكە باسلەوەشدەكەن، قەبارەی زیانەكانی ئاگرەكە بەجۆرێكە كە پێشتر وێنەی نەبووە.
لە نۆی ئەم مانگەوە ئاگرێكی بەھێز لە دارستانەكان و بەشێك لە ناوچەكانی كالیفۆرنیا كەوتووەتەوە و تائێستا زیاتر لە ٦٧٠٠ خانوو و كۆمپانیا وێران بوون.