لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە بوودجەدا ڕاگەیەندرا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لایەنی پەیوەندیداری ڕاسپارد بە دانانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ و تێبینیەکانی هەرێمیش لەبەرچاو دەگیرێت.

ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران فەرمانیکردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئەندامیەتی هەریەکە لە بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەت و بریکاری وەزارەتی پلاندانان و بریکاری وەزارەتی تەندروستی بە وەکالەت و سەرۆکی سکرتاریەتی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیران و چەند لایەنێکی پەیوەندیداری دیکە، بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩دا.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە سەرپەرشتی  فوئاد حسین وەزیری دارایی، سەرۆکی سکرتاریەتی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان و بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری پارێزگاکان، ئەرکی کارەکان لەخۆدەگرێت بۆ پێشکەشکردنی تێبینی وسەرنجەکانی خۆیان لەسەر پرۆژە یاساکە و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوبرا و بۆ یەکخستنی تێبنییەکانیان.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو لیژنەیە دەسەڵاتی پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی بەندەکانی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ی دەبێت و پاشان بەرزیدەکاتەوە بۆ بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەیرکردنی.

ئەو ڕاسپاردەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق  لەڕێی دەنگدانەوە ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ڕەتکردەوە، بەڵام بە فشاری بەشێک لە لایەنە شیعییەکان دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە و دواخرا بۆ سبەینێ دووشەممەی.



PM:05:48:11/11/2018