سبەی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پرۆژە یاسای بوودجە دەکات

سبەینێ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە دانیشتنی خۆیدا، تاوتوێی پرۆژە یاسای بودجە و خاڵە گومرکییە نوێیەکان.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، خشتەی کاری دانیشتنی سبەینێ پەرلەمان بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی عێراق دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارنامەی دانیشتنەکە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ و بابەتی خاڵەگومرکییە نوێیەکانی نێوان پارێزگاکان لە خۆ دەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە گفتوگۆ و دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەماندا ئەو لیژنەیەی حکومەتیش ئامادە دەبێت کە بۆ پێکهێنانی پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای بودجە ئەنجومەنی وەزیران پێکیهێناوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشممە ١١ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران فەرمانیکردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئەندامیەتی هەریەکە لە بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەت و بریکاری وەزارەتی پلاندانان و بریکاری وەزارەتی تەندروستی بە وەکالەت و سەرۆکی سکرتاریەتی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیران و چەند لایەنێکی پەیوەندیداری دیکە، بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩دا.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق  لەڕێی دەنگدانەوە ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ڕەتکردەوە، بەڵام بە فشاری بەشێک لە لایەنە شیعییەکان دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە و دواخرا بۆ سبەینێ دووشەممەی.



PM:07:09:11/11/2018