هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ ئێران رادەگیرێت

دوای ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ هەناردنە دەرەوەی نەوتی ئەو پارێزگایە بۆ توركیا لەڕێگەی بۆریە نەوتیەكانی هەرێمەوە.

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، پاش ئەوەی حكومەتی عێراق ناردنی نەوتی كەركوكی بۆ ئێران ڕاگرت، لە ئێستادا دەیەوێ نەوت بۆ توركیا بنێرێت، تەنها دەرەچەش بۆ ناردنی نەوتەکە بۆریە نەوتیەكانی هەرێمە.

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی پاریزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پێی چەند زانیارییەک دوو هەفتە لەمەوبەر  هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە رێككەوتوون.

بەپێی زانیاریەكان، پێشتر لەرێگەی تانكەرەوە رۆژانە تا 30 هەزار بەرمیل نەوت نێردراوە بۆ ئێران، بەڵام ماوەی نزیكەی مانگێكە ناردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە راگیراوە.

هەروەها دەنگی ئەمریکا لەزاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ئامادەكاری هونەری بۆ ناردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا تەواو بووە، گەر وەزارەتی نەوت بریار بدات،  ئەوا لە زووترین كاتدا دەتوانرێت دەست بەناردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا بكرێت، بەڵام هێشتا بریاری نەداوە."


AM:12:31:12/11/2018