بارزانی گەڕایەوە هەرێم...بڕیار لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەدرێت

شەوی ڕابردوو مەسعود بارزانی گەرایەوە هەرێمی کوردستان و  پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا سەرکردایەتی پارتی کۆبێتەوە لەسەر پرسی پێکھێنانی حکومەت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند شەوی ڕابردوو مەسعود بارزانی گەراوەتەوە هەرێمی کوردستان لە داهاتویەکی نزیکدا سەرپەرشتی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حزبەکەی دەکات.

ئەوەشی ئاشکراکرد لەو کۆبووەنەوەیەدا بریار لەسەر رای پارتی دەرێت کە حکومەتێکی زۆرینە یان حکومەتی شەراکەت پێکدەھێنن، ھەروەھا لیژنەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان پێکدێنن.

پێشتر "سپی" ئەوەی ئاشکراکرد سەردانەکەی بارزانی بۆ دەرەوەی ولآت بۆ پشکنینی تەندروستییە کە ناوبەناو بارزانی ئەو جۆرە سەردانانە ئەنجام دەدات.

وەک سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە ئەو حیزبە ٤٥ کورسی بەدەستهێناوە و پرسی پێکهێنانی حکومەت وەک لایەنی براوەی یەکەم بەو دەسپێردرێت.

هاوکات پرسێکی تر کە رووبەرووی ئەو حیزبە دەبێتەوە، پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدیە کە تا ئیستا هەشت وەزیری یەکلایی نەکراوەتەوەو لەنێو ئەو وەزارەتانەدا پشکی کوردی تێدایە.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی لە هەلومەرجێکدا تێدەپەڕێت کە پەیوەندی پارتی و یەکێتی زۆر خراپەو هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی بۆ چەند رۆژێک دەچێتە هەولێر بە مەبەستی بینینی مەسعود بارزانی، بەلآم ئەو کۆبوونەوەیە رێکنەخراوەو هیچ دیدارێک لەو بوارەدا سازنەکراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، لە نێو پارتی دا دوو رای جیاواز بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت بەدیدەکرێت، رایەکیان وەک پێشوو حکومەتی شارەکەت پێکبهێنرێت و یەکێتی شەریکی سەرەکی بێت لەگەڵ پارتی، رایەکی تریشیان حکومەتی زۆرینە پێکبهێنرێت و یەکێتی چەند کورسی بەدەستهێناوە بەقەوارەی ئەو کورسیانە پارتی بەشداری لە حکومەتدا پێ بکات.



PM:04:03:12/11/2018