بریندارێکی ڕووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر گیانی لەدەستدا

دوای ئەوەی ئێوارەی ٩ی ئەم مانگە لە ئاهەنگێکى بووک گواستنەوە لە شارۆچکەی کەسنەزانی سەر بە هەولێر دوو کەس لەسەر سەرچۆپی گرتن بووە شەڕیان و لە ئاکامدا کەسێک کوژرا و ئەمڕۆش یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری "سپی میدیا" لە هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی هەینی هاوڵاتی زوهیر جەعفەر بەهۆی تەقەکردنەوە لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە هەولێر گولەیەک بەر سەری کەوتوو و برینداربووە، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر کرا.

ئەوەشی ڕاگەیاند، پاش دوو ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ ئەو هاوڵاتیە گیانی لەدەستداوە، وتیشی، هاوڵاتیەکە خاوەنی دوو منداڵە و دانەیەکیان ئیفلیجیە.

ئێوارەی ٩ی ئەم مانگەی لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان خاڵ و خوشکەزایەک شەڕە تەقە روویداوە و بەوهۆیەوە کوڕێکی تەمەن ١٨ ساڵ گیانی لەدەستداو چەند کەسێکی تریش برینداربوون و تا ئێستاش پۆلیسی هەولێر هیچ یەکێک لە تەقەکەرانی ئەو ڕووداوەی دەستگیرنەکردووە.



PM:04:13:12/11/2018