ئەردۆغان: تۆمارە دەنگییەكانی تایبەت بە كوشتنی خاشقچی تۆقێنەرن

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، فەرمانی كوشتنی خاشقچی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی سعودیەوە دراوە و وتیشی "تۆمارە دەنگییەكانی تایبەت بە كوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسە تۆقێنەرن".

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەدا، دۆسیەی كوژرانی خاشقچیان لەگەڵ سەكردەكانی ئەمریكا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا تاوتوێكردووە و گوێبیستی تۆمارە دەنگییەكان بوون.

باسی لەوەشكرد، تەنانەت ئەفسەرێكی دەزگای هەواڵگری سعودی كە گوێی لە تۆمارە دەنگییەكان بووە توشی شۆك بووە و وتویەتی ئەو كەسەی ئەو كارەی ئەنجامداوە دەبێت ماددەی هۆشبەری هیرۆینی كێشابێت، چونكە تەنها ئەو كەسانە دەتوانن بەو شێوەیە خەڵك بكوژن.

ئەردۆغان جەختیكردەوە، كوشتنی خاشقچی پلان بۆ داڕێژراو بووە و لەبەرزترین دەسەڵاتی سعودیەوە فەرمانەكە دەكراوە، بەڵام ئەو كارە هیچ پەیوەندییەكی بە پادشای سعودیەوە نییە.

ئەوەشی خستەڕوو كە تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی خاشقچی لەناو ئەو ١٨ كەسەدایە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە خراونەتە زیندانەوە.
ڕۆژی ٢ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ جەمال خاشقی پاش چوونی بۆ كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ بێ سەروشوێن بوو، دواتر هەواڵی كوژرانی لەناو كونسوڵخانەی توركیا بڵاوكرایەوە.

هەرچەندە لەسەرەتادا سعودیە نكوڵی دەكرد لە كوژرانی خاشقی لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیدا، بەڵام دواتر و دوای نزیكەی ٢٠ ڕۆژ دانینا بە كوژرانی ئەو ڕۆژنامەنوسدا لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ



PM:12:18:13/11/2018