‌موچەی کەسوکاری شەهیدان زیاد دەکرێت

وەزیری کاروباری  شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بڕیاری خەرجكردنی 16 ملیارو 858 ملیۆن دینار بۆ خوێندكارانی كچ و كوڕی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بۆ خوێندنی ساڵانی 2016-2017.

مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە میانەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی تاتوێی گواستنەوەی ئەو 44 ملیار دینارەی كەسوكاری شەهیدانیان كردووە كە مانگانە حكومەتی هەرێم دابەشی دەكات، بەڵام ئەوكاتەی ئەو بودجەیە دەگوازرێتەوە سەر بەغدا بڕی پارەكە زیاد دەبێت بۆ 108 ملیار دینار، بەو پێیەش مووچەی كەسوكاری شەهیدان هاوتای مووچەی كەسوكاری شەهیدان دەكرێت لە بەغدا.

سەبارەت بە یەك خستنی مووچەی كەس و كاری شەهیدانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگای دیكەی عێراق رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پاڵپشتی لەو بابەتە كردووە، چونكە پرسێكی دەستوورییە.

لەبارەی پارەی خوێندنی کەسوکاری شەهیدانەوە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی ئەو زانکۆیانەی کردووە کە رێگایان نەداوە بەهۆی دواکەوتنی کرێی خوێندنەوە پڕۆسەی خوێندنی ئەو خوێندکارانە پەکی بکەوێت.

هرەوەها ئەوەشی خستەڕوو، کە قەرزی ساڵی 2016- 2017 رەزامەندی خەرجکردنی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە.

وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون باسی لەوەشکرد، "جگە لە یەکخستنی مینحەی کەسوکاری شەھیدان ھەوڵدەدەن مووچەی فەرمانبەرانیش یەکبخەن و پلە بەندییەکانیش لە بەغدا چاک دەکرێن".



PM:02:41:13/11/2018