گۆڕانکاری لە پێدانی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان دەکرێت

بەپێی پڕۆژە یاسایەک کە خوێندنەوەی یەکەمی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کراوە و هەرێمی کوردستانیش بۆچوونی خۆی دەربارەی پڕۆژە یاساکە خستووەتەڕوو، گۆڕانکاری لە پێدانی بەشە خۆراکی هاووڵاتییان دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدهەم رایگەیاندووە"ماوەیەک بەر لەئێستا پڕۆژە یاسایەک، سەبارەت بە کۆبوونی خۆراک ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و دواتر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و پاشان ئەو پڕۆژەیە رەوانەی وەزارەتە پەیوەنددارەکان کرا بە مەبەستی دەربڕینی را و بۆچوونیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە، ئێمەش وەک وەزارەتی بازرگانی بۆچوونی خۆمان دا لەسەر ماددەکانی ئەو پڕۆژەیە و گەڕایەوە بەغدا، چاوەڕوان دەکرێت لەم خولەی ئیستادا خوێندنەوەی بۆ بکرێت".

نەوزاد ئەدهەم بە ماڵپەڕی ژووری بازرگانی راگەیاندووە "بەپێی پڕۆژەکە لەجیاتی کۆبوون، کارتی زیرەک بەکار دێت، بۆ ئێمە وەک وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پشتگیری سیستەمی کارتی زیرەکمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی کە داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار کەمترە ئەوا لەم پڕۆژەیە سوودمەندبن، ئەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، ئەوانەی کە مووچەیان لە یەک ملیۆن و نیو زیاترە، ئەوا کۆبوونی خۆراک نایانگرێتەوە، بۆیە ئەوانەی ئێمە پشنیازمان کردووە ئەوانەی داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار کەمترە، ئەوا سوودمەندبن لە کۆبوونی خۆراک و لە ماددەکانی خۆراک، لەبەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەو چەند ساڵە خەڵک گۆڕانکاری لە ژیانی ئابووری کراوە، واتا ئەو کەسانەی کە باری داراییان باش نەبوو رەنگە ئێستا باشتر بووبێت و ئێمە وەکو وەزارەتی بازرگانی ئەوە پێشنیاز دەکەین کە لە ساڵانی داهاتوو چاکسازی لە کۆبوونی خۆراکدا بکرێت".

سەبارەت بەوەی بەپێی بۆچوونەکانی وەزارەتی بازرگانی بەڕێژەی چەند خەڵک لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت و چەند کەس بێبەش دەبێت، نەوزاد ئەدهەم وتی: "بەپێی خەمڵاندن نزیکەی سەدا ٥٠ کۆبوونی خۆراک دەیانگرێتەوە لە هەموو عێراق، ئەو کاتیش بە شێوی مانگانە دابەشکردنی خۆراک دەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخان دەکرێت لە بوودجەی قانوونی موازەنەی عێراق بەشی ئەوە ناکات کە هەموو مانگێک هاووڵاتی خۆراک وەربگرێت و خۆراکێکی کوالێتی باش وەربگرێت".

لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو بڕە داهاتە لەسەر چ بنەمایەک دیاریکراوە، نەوزاد ئەدهەم وتی: "بۆ نموونە کەسێک سێ ساڵ بێت دامەزرابێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی نەبێت، ئەوا مووچەکەی ناگاتە ٢٠٠ هەزار دینار و بەپێی ئەم پڕۆژەیەش ئەو کەسە سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی بەشە خۆراک".



PM:09:26:13/11/2018