حەماس بەمەرج ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت

سەركردەیەكی باڵای بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی "حەماس" رایدەگەیەنێت، بە مەرج ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنین.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە بۆردومانە ئاسمانییەكانی دوو رۆژی رابردوودا، فڕۆكە جەنگییەكانیان 150 بنكە و بارەگای حەماسیان لە كەرتی غەززەی فەلەستین، كردووەتە ئامانج.

ئەو بۆردومانانەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، كە حەماس چەند مووشەكێكی ئاراستەی كۆمەڵگە نیشتەجێبوەكانی ئیسرائیل كرد.

بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەكان، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاندووە، ئەوان بە مەرجی راگرتنی بۆردومانە ئاسمانییەكان، تۆپبارانی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی جوولەكەكان، دەوەستێنن.

حەماس بزووتنەوەیەكی ئیسلامیی توندڕەوی فەلەستینییە و بە یەكێك لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان دادەنرێت. ئەمریكا پێی وایە سوپای قودسی ئێرانی پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی ئەو حزبە دەكات.



AM:11:31:14/11/2018