ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لیژنەیەک بۆ لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندن لەبوارە حزبی و حكومیەكاندا پێکدەهێنێت

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بڕیاری پێکهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند درا، بەمەبەستی لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندن لەبوارە حزبی و حكومیەكاندا.

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەمی 2018، كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی لە هۆڵی شەهید شازاد سائیب لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر دۆخی كوردستان و عیراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، لەگەڵ پارتیدا بەبەشداری حزبەكانیتر كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنێت و هاوبەشی راستەقینەی حكومڕانی كوردستان دەبێت لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوازن و تەوافق.

هاوکات دۆخی ناوخۆی ئەنجومەنی ناوەندی و پرسی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی تاوتوێ کرا و، پاش گفتوگۆیەكی چڕوپڕو بەزۆرینەی دەنگ بڕیار درا كە سكرتارییەتی ئێستای ئەنجومەن هەتا بەستنی كۆنگرە دەسەڵاتی سكرتێری ئەنجومەن بەكاربهێنێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنەكاندا ئەركەكانی ئەنجومەنی ناوەندی جێبەجێ بكەن.

هەروەها  لەکۆبونەوەکەدا بڕیاری ئەوەش درا،کە چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند بۆ لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندن لەبوارە حزبی و حكومیەكاندا پێكبهێنرێت و راپۆرتێكی گشتگیری كۆتایی ساڵ ئامادە دەكرێت.



PM:06:00:15/11/2018