پارێزەری پەکەکە بۆ فورات نیوز: بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا سەرکەوتنی گەلی کورد و پەکەکەیە

پارێزەرێکی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لەبارەی بڕیارێکی دادگای ئەوروپا لەسەر ئەو سکاڵایەی کە پەکەکە لە دژی "لیستى تیرۆر" تۆماری کردبوو ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە سەرکەوتنی گەلی کورد و پەکەکەیە.

پارێزەر محەمەد شاکار، لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز-ی نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا سەرکەوتنی گەلی کورد و پەکەکەیەو بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکەش لە "لیستی تیرۆر" ساڵی ٢٠١٨ی یەکێتیى ئەوروپادا، سکاڵایەکى تر تۆمار دەکەن.

وتیشی، دادگای ئەوروپا باڵاترین دامەزراوەى دادپەروەری و دادگاکانى ئەوروپایە و ئەو بڕیارە سەرکەوتنى پەکەکە و تێکشکاندنی یەکێتیى ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسایە.

شاکار ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەى پەکەکە لە لیستى ٢٠١٨دا بهێنرێتە دەرەوە ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ تۆمارکردنى سکاڵایەکى تر و لەو بارەیەوە وتى ،"ئێمە داوا دەکەین ئەو بڕیارە بۆ ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ بکرێت".

هەروەها وتی "ئەو بڕیارە، هەموو ئەو دۆسیە و سکاڵایانە، کە لە ساڵانى ٢٠١٤ – ٢٠١٧ لە دژی پەکەکە تۆمارکراون هەڵدەوەشێنێتەوە. جگەلەوەش بڕیاری قەدەغەکارییەکان کە بەو پاساوە دەرکرابوون، هەڵدەوەشێنەوە و رێگاش بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو کەس و دامەزراوانە دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەو بڕیار و قەدەغەکارییانەوە زیانیان بەرکەوتووە".

پێشتر یەکێتیى ئەوروپا پەکەکەی خستە ناو لیستی 'رێکخستنە تیرۆریستییەکان'و بە پاساوی بوونی ناوى پەکەکە لەو لیستەدا چەندین سکاڵا لە دژی کەسایەتییەکان و دامەزراوەکان تۆمار کرابوون، بەڵام بەوتەی ئەو پارێزەرە لەمەوبەدوا ئەو دۆسێ و سکاڵایانە هیچ حوکمێکى یاسایى و حقوقییان نامێنێت.

رۆژی پێنجشەممە ١٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨دادگای ئەوروپا  بڕیارێکى لەبارەى ناوى پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەرکرد، ئەمەش سەرباری ئەوەى ئەنجوومەنى ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە پەکەکەی خستووەتە ناو لیستەکەی و دادگای ئەوروپاش لەلایەن ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپاوە هەموو ٦ مانگێک جارێک بڕیارەکەی تازە دەکردەوە، بەڵام  لەم جارەی کۆتاییدا پەکەکە براوەى دادگا و لایەنى سەرکەوتووبوو

بەپێی بڕیارەیەکەی دادگای ئەوروپا، کە لەسەر سکاڵاکەى پەکەکەوەدەریکردووە رایگەیاند، "هەموو ئەو پاساوانەى لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠١٧ بۆ مانەوەى ناوی پەکەکە لە "لیستى تیرۆری" یەکێتیى ئەوروپادا هێنراونەتەوە پاساوی نالۆژیکی و لاوازن".
 


PM:08:36:18/11/2018