هەولێر...کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرا

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی کەسێکیان دەستگیرکردووە و تۆمەتبارەکەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانیان کەسێکیان دەستگیر کردووە کە ٣٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو و لەناو ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی رۆشنبیران شاری هەولێر، خوشکێکی تەمەن ١٧ ساڵی بەناوی شەیما کوشتووە.

ئاشکراشی کرد، پێشتر کەسوکاری ئەو کچە رایانگەیاندووە، ناوبراو خۆی کوشتووە بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە کە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، ئەو کچە خوێندکاری دواناوەندی بووە و هۆکاری کوشتنەکەشی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناو و ئێستا دەستبەسەرە.



PM:01:35:19/11/2018