نوێترین زانیاری لەبارەی رووداوەکەی چەمچەماڵ

درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئازادی شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆی شۆرتی کارەباوە 7 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" ئەو خێزانە ئاوارەی عەرەب بوون و دوای ئەوەی ماڵەکەیان ئاگری گرتووە ئەندامانی ئەو خێزانە، کەلە حەوت کەس پیکهاتوون گیانیان لەدەستداوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان هەرچەندە رێژەی سووتاوییەکەیان کەمبووە، بەڵام بەهۆی دووکەڵێکی زۆرەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و خنکاون، کە لە چوار منداڵ و دایک و باوکی منداڵەکان و داپیرەی منداڵەکان پێکهاتون.

بەپێی وتەی دراوسێکانیان، لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی پێیان زانیون، بەڵام پێدەچێت رووداوەکە شەوی رابردوو روویدابێت.

لایخۆشییەوە ئەیوب حەمە غەریب جێگری بەرێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ ناسنامەی بەشێک لە قوربانییەکانی ئاشکرا کردووەو ئاماژەی بەوە کردووە، چوار منداڵەکە ناویان ئاسیا ئەحمەد ئیسماعیل، تەمەن هەشت ساڵ و ریم ئەحمەد ساڵح، تەمەن پێنج ساڵ و ڕەفیق ئەحمەد ساڵح، تەمەن سێ ساڵ و ئەمیر ئەحمەد ساڵح، تەمەن یەک ساڵ بووە. 

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە کردوە، ئەو خێزانە شەو هیتەریان داگیرساندووە و دواتر شۆرتی كردووە و دوكەڵێكی زۆری كردووە، بەهۆی ئەو دوكەڵەشەوە سەرجەم ئەندامانی‌ خێزانەكە خنكاون كە لە حەوت كەس پێكهاتوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكانی تر تەرمی قوربانییەكان ڕەوانەی نەخۆشخانە كران بە مەبەستی توێكاری و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە ڕوداوەكە .

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە ئەو خێزانە ئاوارەی عەرەبن و دانیشتووی چەمچەماڵن، ئەو حەوت كەسەی گیانیان لەدەستداوە چوار كەسیان منداڵن و سێ كەسەكەی تریش گەورەن. 


PM:12:40:20/11/2018