کۆمەڵی ئیسلامی لە پێکهێنانی حکومەتدا مەرجێکی پارتی قبوڵ ناکات

بەرپررسێکی دیاری کۆمەڵی ئیسلامی هیچ زەمانێک نادات بە پارتی کە ئەگەر بەشداریان کرد لە حکومەتدا سبەی نەکشێنەوە.
  
بیلال سلێمان بەرپرسی ناوەندی حکومەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای را‌گه‌یاندووە " هێشتا بڕیاری بەشداریکردنیان نه‌داوه‌ لە کابینەی حکومەتی هەرێم و هیچ مەرجێکیان دیارینەکردووە، به‌ڵام ئاماده‌نین مه‌رجی پارتی بۆ نەكشانەوەو بێدەنگبوونی په‌رله‌مانتاره‌كانیان قبوڵ بكه‌ن".

بیلال سلێمان لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی "پارتی داوایان لە ئێمە نەکردووە کە سەردانمان بکەن تا ڕەتیبکەینەوە، دواجار پێم وایە پارتی بەجددی لە کۆمەڵ دێتە پێش بۆ بەشداریکردن لەحکومەت، چونکە ئەگەر کۆمەڵ ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێکی جدی وای بۆ ناچم پارتی بیەوێت ئۆپۆزسیۆنی جددی هەبێت لە کوردستان، ڕەنگە پێی خۆش بێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام بەو شێوە جدییە نا". 

سەبارەت بەوەی ئەگەر کۆمەڵ بەشداری حکومەت بکات ئایا بەردەوام دەبن لەڕەخنەگرتن لەحکومەت یا بەڵێنی نەکشانەوە لەحکومەت بە پارتی لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت دەدات؟ ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت،"خۆی ئەرکی پەرلەمانتار ڕەخنەگرتنە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بەشداربین دەبێت زیاتر ڕەخنەبگرین تا هاوکاری حکومەت بێت لە باشترکردنی کارەکان".

هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌، نە کشانەوەش پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکە لەلایەن پارتیەوە، چونکە جاری پێشوو پارتی و کۆمەڵ ڕێکەوتنێکی ١٣ خاڵیان ئەنجامدا بۆ بەشداری لەحکومەت بەڵام پارتی تەنها ٣ خاڵی جێبەجێکرد، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکرا، لایەنی بەرامبەر مافی خۆیەتی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، وە کۆمەڵ هیچ کام لەو مەرجانە قبوڵ ناکات وەک مەرجی پێش وەختە.

بیلال سلێمانی بەدەر لەرای حیزبەکەی رای خۆی لەسەر پارتی دەڵیت "وەک ڕای خۆم هیچ گۆڕانکارییەک لەسیاسەتی پارتی نابینم بە پێچەوانەوە ڕەنگە ئێستا زیاتر بێ منەتتر بووبێت، لەبەرامبەر خەڵک و حیزبەکان وە ئەوەی لەڕابردووش کردویەتی هیچ گرەنتیەک نیە کە لەداهاتوو دووبارەی نەکاتەوە، لەوانەیە چەند کەسێک لەسەرکردایەتی هەمان بیروبۆچونی منیان هەبێت، وە خەڵکیش هەیە بەپێچەوانەوە بووە بۆچوونی".



PM:09:32:20/11/2018