شەڕی میدیاکانی پارتی دژی بەرهەم ساڵح درێژەی هەیە

لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی عێراقەوە، نانکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە پەرەسەندندایەو تا هەندێک میدیای پارتی بەردەوامن لەشەڕی میدیای لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا.

لە دوا هەواڵی ئەو میدیانەدا ماڵپەڕی باسی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان بەناونیشانی " عەرەب و تورکمانەکان لەڕێی بەرهەم ساڵحەوە دەیانەوێ رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بکەن "، کو تیایدا هاتووە " بەغدا و هەولێر، پێوەمد بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 و ئەو کێشانەی لە نێوانیاندا هەیە لە گفتوگۆدان، بەڵام هاوکات بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ هەندێ لە عەرەب و تورکمانەکان، گرووپێکی ناو یەکێتی و سەرکۆماری عێراق، دەیانەوێ بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بکەن بۆ کەرکووک".

هەر لەو هەواڵەدا هاتووە "سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، مەرجی ئەو گرووپەی یەکێتی و (بەرهەم ساڵح)یش بۆ پشتیوانییان لە پێکهێنانی ئەو هێزە، کە پێشتر لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان گفتوگۆیان کردووە، رازیبوونی عەرەب و تورکمانەکانە بە پێدانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە یەکێتی و تەواوکردنی رێژەی یاسایی دەنگدان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەو کاندیدەی کە یەکێتی بۆ پارێزگاری ئەو شارە دیاری دەکات".

هەروەها لە رۆژانی رابردوودا هەمان ماڵپەر لەسەر سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ هەریەک لە کۆماری ئیسلامی و سعودیەو ئەردەن و ئیمارات و کوەیت و داواکاردنی سیستەمێکی ئەمنی هەرێمایەتی میسال ئەلوسی پەرلەمانتاری عێراقیان لەسەر ئەو دۆسیەیە جوڵاندبوو تا هێرش بکاتە سەری.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە کە بەرهەم ساڵح بەرامبەر فوادی حسین بەربژێری پارتی هەڵبژێردرا بە سەرۆکی عێراق، ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قوڵتربۆتەوە.



PM:09:35:21/11/2018