داوا لەمەسعود بارزانی و نێچێرڤان دەکرێت بکوژانی مامۆستا ئاینەیەکە لەسێدارە بدرێن

کەسوکاری کەسایەتی ئاینی شەهیدکراو د. وشیار ئیسماعیل داوا لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکەن بکوژانی ناوبراو لە سێدارە بدرێن.

دوای تپێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر شه‌هید كردنیدا، دیار گۆران برای شه‌هید د.وشیار له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ میدیای سپێدەدا، رایگه‌یاند " دوو ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شەهید دكتۆر وشیار ئیسماعیل تێپەر دەبێت، تا ئیستا بكوژانی لەسێدارە نەدراون، لە كاتێكدا ماوەی ساڵێك و شەش مانگە لە لایه‌ن سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە حوكمی لە سێدارەدان سزادراون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد " بەداخەوە لەم ساڵ و شەش مانگەدا چەند جاریك بەڵێنمان پێدرا كە مەسعود بارزانی چاوەڕوانی دوا بریاری دادگای تیهەڵچونەوەیە، كە بە حكومی لەسێدارەدان سزای بكوژان بدات، ئەمانیش وەك سەرۆكی هەرێم ئیمزای جێ‌بەجێكردنی سزاكە دەكەن، بەڵام بەداخەوە بەڵینەكەی نەبردە سەر".

دیار گۆران ئه‌وه‌شی وت " دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم درایە نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتیش زیاد لە دوو جار داوای مەلەفی كەیسەكەی كردو بەڵێنیدا ئیمزای جێبەجێكردنی سزای لە سیدارەدانی بكوژان بكات، بەداخەوە تا ئێستا ئەمانیش بەڵینەكانی خۆی نەبردۆتە سەر".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئەگەر پاساوەكە باس لە جێبەجێنەكردنی بڕیاری لە سێدارەدانە لە هەرێم ئەوا بكوژ هەبووە بە ئیمزای مەسعود بارزانی كە سەرۆكی هەرێم بوو سزاكەی بەسەردا جێبجێ‌ كراوە، ئەگەر پاساویتر بهێنەوەو بڵین جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان پیشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتیە ئەوا ئەمەش راست نییە.



PM:09:49:21/11/2018