سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لەبارەی بە دەستگیرکردنی نەریمان سابر باوکی نما روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە" تیایدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، سەبارەت بە هەواڵی دەستگیرکردنی هاووڵاتی (نەریمان سابیر) (باوکی نما) کە بووەتە باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، " ئاگاداری هەموولایەک دەکەینەوە کە دوای ئەوەی لەلایەن رێکخراوێکەوە سکاڵای یاسایی لەسەر نەریمان سابر تۆمارکراوە کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا زیانی بە ناو و ناوبانگی ئەو رێکخراوە گەیاندووە، ئەمڕۆ ناوبراو لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۳ ئامادەبوو و دانینا بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەیە".
ئەوەشهاتووە، "بەوهۆیەشەوە نەریمان سابر بەپێی مادەی (۹) لە یاسای رۆژنامەگەری کوردستان ژمارە (۳٥ ی ساڵی ۲۰۰۷) مامەڵەی لەگەڵ کراوە و هەر ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی دراوە بەکەفالەتی ١٤٥ هەزار دینار، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو کەفالەتی بۆ بکرێت و بەڵێننامەیەکی بە دەستی خۆی نوسیوە کە کەفالەت نادات و رازیش نابێت کەس کەفالەتی بکات و دەیەوێت لە زیندان بمێنێتەوە".
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو،" دۆسیەکە تایبەتە بە خودی نەریمان سابرەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە نمای کچییەوە نیە، ئەمەش بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی لێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی تشرینی دووەم نەریمان سابیر باوکی نما لەسەر رەخنەگرتن لە رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان دەستبەسەرکرا.