شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕێکی شاری کەرکوک کەوتەوە و دوای نۆ کاتژمێر تا ئێستاش کۆنترۆڵنەکراوە.
ئاگرەکە کاتژمێر ١١:٤٥ خولەکی شەو لەنزیک دوکانی لەنگەفرۆشەکان دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی سەند بۆ دوکانەکانی دیکەی بازاڕی قەیسەری گەورەی کەرکوک.
بەگوێرەی زانیاریەکان بەهۆی ئاگرەکەوە سەرجەم دوکانەکانی بازاڕەکە سووتان و تا ئێستاش هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە ئاشکرانەکراوە و هێزەکانى بەرگرى شارستانى کەرکوک لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ پۆلیسدا دەستپێکردووە.
بەهۆی فراوانی ئاگرەکەی بازاڕی کەرکوک بەشێک لە دوکاندارەکان خۆیان خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
بازاڕى گەورەى کەرکوک لەتەنیشت قەڵاى شارەکە و نزیک بازاڕى ئاڵتوونچییەکانە و نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دوکانی تێدایە، هاوکات شەوانە پاسەوانى هەیە و کەرەستەى ماڵانى تێدا دەفرۆشرێت.