دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند قەبارەی وەبەرھێنان گەیشتووەتە ٤٧ ملیار دۆلار، کە سێکتەری پیشەسازی لە ریزبەندی یەکەمدایە.
سەربەست خدر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، بە ئاژانسی ئانادۆڵو-ی راگەیاند "سەرمایەی گشتی وەبەرھێنان لەهەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا گەیشتووە سەرو ٤٧ ملیار دۆلار، ئەو مۆڵەتانەشی بۆ وەبەرھێنان دراون لە ١٣ سێکتەری جیاجیان، زۆرترینی وەبەرھێنان بەپێی پارێزگاکانی ھەرێم لە پارێزگای ھەولێرە کە ٣٦٠ پڕۆژەمان ھەیە و لە پارێزگای سلێمانی ٢١٨ پڕۆژەمان ھەیە و لە پارێزگای دھۆک-یش ٢٣٩ پڕۆژەمان ھەن".
وتیشی"لە پارێزگای ھەولێر سەرمایەی وەبەرھێنان ٢٦ ملیار دۆلار و ٤٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت و لە پارێزگای سلێمانی-یش سەرمایەی وەبەرھێنان بڕی ١٤ ملیار و ٩٦٠ ملیۆن دۆلارە و لە پارێزگای دھۆک-یش بڕی سەرمایەی وەبەرھێنان بریتییە لە شەش ملیار و ٤٦٧ ملیۆن دۆلار".
سەربەست خدر عەلی ئەوەشی وت "دوو شێوە وەبەرھێنانمان ھەیە، وەبەرھێنانی راستەوخۆ کە وەبەرھێنانی بیانییە، لەگەڵ وەبەرھێنانی ھاوبەش، لەو ٤٧ ملیار دۆلارەی کە سەرمایەی وەبەرھێنانە تاوەکو ئێستا بڕی ٤٥ پڕۆژەمان وەبەرھێنانی بیانیین کە سەرمایەکەیان شەش ملیار و ١١٢ ملیۆن دۆلار".
وتیشی،"ئەو وڵاتانەی بە شێوەی راستەوخۆ لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکەن نزیکەی ١٥ وڵاتن و ئیمارات لە پلەی یەکەم دێت کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانەکەی دەگاتە سێ ملیار و ٣١٤ ملیۆن دۆلارە، تورکیا بە ١٦ پڕۆژەوە لە پلەی دووەم دێت کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانەکەی دەگاتە ملیارێک و ١٣٠ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا لوبنان بە پلەی سێیەم دێت لە وەبەرھێنانی بیانی کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانی ملیارێک و ١٦ ملیۆن دۆلارە و نۆ پڕۆژەی وەبەرھێنانی ھەیە".
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم ئاشکراشیکرد، سەرمایەی وەبەرھێنان لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کە ئەم بڕەش سێ ھێندەی بڕی وەبەرھێنانی ساڵی ٢٠١٧یە، لە ساڵی ٢٠١٩شەوە وەبەرھێنان دەگەڕێتەوە ئاستی متمانەپێکراوی خۆی.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئەو سێکتەرانەی وەبەرھێنانیان تیادا کراوە بریتین لە: سێکتەری پیشەسازی کە لە ریزبەندی یەکەمدایە لە رووی مۆڵەتەوە ٢١٣ مۆڵەتی وەبەرھێنان دراون، پاش ئەویش سێکتەری نیشتەجێبوون بە ١٦٥ مۆڵەتەوە دێت، پاشان سێکتەری گەشتیاری بە ١٤٨ مۆڵەتەوە، دواتر بازرگانی کە ١٣٨ مۆڵەتی پڕۆژە دراوە، ھەروەھا تەندروستی ٤٩ مۆڵەت، کشتوکاڵ ٢٩ مۆڵەت، فێرکردن ٢٦ مۆڵەت، وەرزش ٢٦ مۆڵەت، خزمەتگوزاری هەشت مۆڵەت، گواستنەوە دوو مۆڵەت، گەیاندن پێنج مۆڵەت و ھونەری چوار مۆڵەت.
ئەو سەرمایە بیانییانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا وەبەرھێنانیان کردووە بریتیین لە وەبەرھێنەرانی وڵاتانی، ئەڵمانیا، تورکیا، ئیمارات، ئەمریکا، بەریتانیا، ئێران، جۆرجیا، روسیا، فەڕەنسا، لوبنان، کوێت، لوبنان، میسر، نیوزیلاند، ئیسپانیا، ھۆڵەندا، ئوردن، کەنەدا، سوید، کۆماری باشووری ئەفریقا، پاکستان و کۆریا.