قەرەیڵان: لەناو گەریلادا گۆڕانکاری گەورە ئەنجام دەدەین

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند " لەناو گەریلادا گۆڕانکاری گەورە ئەنجام دەدەین".

موراد قەرەیلان، فەرماندەی (هەپەگە) لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕادیۆ (دەنگی وڵات) ئاماژەی بەوەكردووە، "ئەمریكا بە بڕیاری تەرخانکردنی پارە بۆ گرتنی سەرکردەکانی پەکەکە پیلانگێڕییەكەی نوێ كردەوە. باشە بۆ وایكرد؟ چونكە پلانگێڕیی نێودەوڵەتی لەبەریەك هەڵوەشێنراوەتەوە. ئامانجی پیلانگێڕییەكەیان ئەوەبوو، كە هزر و ڕامان و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ بسڕنەوە و بزووتنەوەی ئازادی پاكتاو بكەن، بەڵام ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە هەموو كات زیاتر بەهێزترە.

ئاشكراشی كردووە، "ئێمە پرۆژەی بونیاتنانەوەی نوێمان گرتووەتەبەر. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دەمانەوێت لەناو گەریلادا گۆڕانكارییەكی گەورە ئەنجام بدەین و گەریلای نوێ بونیات بنێین. پرۆژەی بونیاتنانەوەی نوێ تەنها پرۆژەی پێشخستنی تەكنیك و تەكنەلۆژیا نییە، بەڵكو لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدا لە رووی شێواز و بارەگاكانی گەریلا، شێوازی ژیان و شەڕی گەریلا دا هەوڵ دەدەین گۆڕانكاری ئەنجام بدەین. لەگەڵ ئەوەدا ئێمە دەمانەوێت تەكنەلۆژیای هاوچەرخ بەكار بهێنین و بیخەینە خزمەتی شۆڕشەوە. لەسەر ئەو بنەمایە گەریلا كار لەسەر تەكنەلۆژیا دەكات. ئەوەندەی بكرێت گەریلا تەكنەلۆژیا بەكار دەهێنێت، بەڵام خاڵی سەرەكی ئەوەیە كە دەبێت ئێمە گەریلایەك بخوڵقێنین، كە لە دیسپلین دا بەهێز بێت، لە خۆشاردنەوەدا بەهێز بێت و هەواڵگریی دوژمن تێكوپێك بدات. ئەوەش بە شێوازی نوێ ئەنجام دەدرێت. ئەگەر گەریلا تەلەفون و ئینتەرنێت بەكاربهێنێت ئەوە نابێتە گەریلا سەردەمی نوێ. دەبێت گەریلای سەردەمی نوێ بزانێت كاتێك توانیی هەواڵگریی دوژمن تێكبدات ئەوە ئەو سەردەكەوێت. دەبێت لەو تەكنەلۆژیایە دوور بكەوێتەوە كە بۆ دوژمن دەبێتە سەرچاوەی سیخوڕی و هەواڵگری”.



PM:10:55:28/11/2018