داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی دەکرێت

 سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لەبارەی کەیسی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی دەکات.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد "پاش ئەوەی بڕیار درا كەیسی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، وەك كۆمەڵە پشتیوانی لەو بڕیارە دەكەین و هیوادارین حكومەت بتوانێت بەجدی كار لەسەر ئەو كەیسە بكات".

وتیشی "وەزارەتی تەندروستی فەرمانیداوە نوێنەری ئێمەو هەردوو وەزارەتی دارایی و كاروباری شەهیدان لیژنەیەك بۆ پشكنینی بەركەوتوان پێكبهێنین، بەمەبەستی ناردنە دەرەوەیان بۆ چارەسەر، بەڵام نیگەرانین بەبێ ئاگاداری ئێمە دوێنێ چوارشەممە لیژنە پزیشكییەكە، بەركەوتوانی بینیوە".

لوقمان عەبدولقادر ئەوەشی خستەڕوو،" ناكرێت ڕۆژێك بێن پشكنین بكەن و بڕۆنەوەو ڕۆژانی داهاتویان دیار نەبێت، دەبوو نوێنەری ئێمەو وەزارەتی داراییش ئاگاداری كارەكە بوینایە".

هەروەها داواشی لەوەزیری تەندروستی كرد، بەپەلە بێتەسەر خەت و ئەم كەیسە ڕێكبخاتەوەو كارەكان بەهەماهەنگی ئەنجامبدرێن.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، باسی لەوەشكرد "ئەگەر ئێمە ئاگاداری كارەكانیان نەبین، ئەو پارەیەی بۆیان دیاریكراوە سەرف ناكرێت"



PM:04:37:29/11/2018