وەزارەتی تەندروستی ژمارەی تووشبوانی ئایدز بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی ئایدز بڵاوکردەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ٣٢ ساڵدا ٣٢ حاڵەت هەیە.

وەزارەتی تەندروستی بە بۆنەی رۆژی نەخۆشی ئایدزەوە کە سبەی شەممە ٣٠ تشرینی دووەم دەکات روونکردنەوەی زیاتر دەدات لەسەر ئەو نەخۆشییە لە هەرێم و ئاشکرای دەکات لەو ٣٢ کەسە نۆ کەسیان لە ڕەگەزی مێن و ۲۳ کەسیان نێرن و، هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکدان.

وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاندووە، "ساڵانە زیاتر لە ۳٥۰ هەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێت، هەموو بیانییەکان کە دێنە هەرێم پشکنینیان بۆ دەکرێت، هەروەها هەموو بوتڵێکی خوێن دەپشکنرێت و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێکدێنن، کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان، بەندکراوەکان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەموویان پشکنیانیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پرۆگرامی کۆنترۆڵی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم.

  ئەوەشی تێدا هاتووە، "لەمساڵدا لە ئەنجامی پشکنینی بیانییەکان ۲۳ حاڵەتی نەخۆشییەکە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە."

لە جیهان ۳٦,۹ ملیۆن هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش HIV هەیە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەکوژێت، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەکاتە قوربانی. 



PM:11:27:30/11/2018