سلێمانی...دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری ڕاگەیاند کە یەکێکیان چەند کەسێکی بە چەقۆ بریندارکردووە.

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" ناردووە ڕایگەیاندووە ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی ئیبراھیم ئەحمەد سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە یەکێک لەو تۆمەتبارانە سێ فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووە بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دیکەش کرد کە چەند کەسێکی بە چەقۆ بریندارکردووە و تۆمەتبارێکیش بەپێی ماددەی ٢ی مۆبایل دەستگیرکراوە.

ھەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەواری شار دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە ھەڕەشەیان لە ھاوڵاتییان کردووە و ھەوڵی ڕفاندنیان داون.



PM:06:55:01/12/2018